لەبارەى تاقیکردنەوەکانى کۆتایى ساڵ پارێزگارى سلێمانى لەگەڵ بەرپرسانى پەروەردەى شارەکە کۆبۆوە

12/05/2020

سەبارەت بە ئامادەکاریی تاقیکردنەوە کۆتاییەکانى قۆناغەکانى خوێندنى سنورى پارێزگاکە، بەسەرپەرشتى پارێزگارى سلێمانى و بەرپرسانى پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بیناى پارێزگا کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

ئەمڕۆ سێشەممە مەبەستى ئامادەکاریەکانى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکانى کۆتایى ساڵ لە پەروەردەکانى سەر بە پارێزگاکە، دکتۆرهەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى لەگەڵ هەریەکە لە  بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەروەردە و تەندروستی و کارەبا و بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی و جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە و بەڕێوەبەرو سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی کۆبووەوە و تێیدا باس لە ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستی و کارگێڕییەکانکرا لەکاتى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکاندا.

لە کۆبونەکەدا و لەسەر بنەماى فەرمان و ڕێنماییەکانى وەزارەتی پەروەردە و پێشنیازەکانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی میکانیزمی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان دیاریکران و پێداویستییە لۆجستییەکانی بەڕێوەچوونی ئەم پرۆسەیە دابین کران.

هاوکات جەختیشکرایەوە لە پێویستى دابەشکردنى موچەى پەروەردە لە زوترین کاتدا، پارێزگارى سلێمانى سوپاسى کەرتى پەروەردە و مامۆستایان و خوێندکاران و هاوڵاتیانى شارەکەى کرد و پشتیوانى خۆشى بۆ لیژنەى بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە سلێمانى دووپاتکردەوە.


هەواڵی زیاتر