رونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە

22/05/2020

 وەزارەتى دارایى و ئابورى رونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە، لەبارەى لێدوانى ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانییەوە کە ڕایگەیاندبو؛ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری رێگری کردووە بەرێوەبەری گەنجینەکانی سلێمانی داتا و زانیاری داھات بدەن بە لیژنەی لامەرکەزی.

وەزارەتى دارایى لە ڕونکردنەوەکەدا دەڵێت، “بە پێویست و گرنگمان زانی ئەم رونکردنەوەیە بۆ راى گشتى بخەینە روو، یەکەم، لیژنەی لامەرکەزی بەپێی یاسا بە وەزارەتی دارایی و ئابوریی نەناسێنراوە، تاوەکو ھاوکاری پێویستی بکات و زانیاری بداتێ،
دووەم، بەپێی یاسا، خەزێنەکان و بانکی ناوەندی ھەرێم ناتوانن ھیچ زانیارییەک بدەن بەھیچ لایەنێک، چونکە بەپێی یاسای پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ژمارە (3)ى ساڵی 2009 ى ھەموارکراو پاڵپشت بە بڕگەکانی مادەی (6) پێویستە نوسراو ئاراستەی وەزارەتمان بکرێت و ھەماھەنگی دروست بکرێت، تەنانەت پەرلەمانی کوردستان کە بەرزترین دەزگای یاسادانان و چاودێرییە بەھەمان ڕێسا کاردەکات، واتە ئەبوایە ئەنجومەنی پارێزگا بەھەمان ئاراستە بجوڵێتەوە بۆ ئەوەی ھەماھەنگی بکرێت، (بەرێوەبەری بانکی ناوەندی ھەرێم (سلێمانی ) ئەم رونکردنەوەی بۆ لیژنەکەتان داوە کە داواکارییەکەتان داوایەکی نایاساییە”

وەزارەتى دارایى لە رونکردنەوەکەیدا دەشڵێت “جێگای سەرسوڕمانە کە ئەنجومەنی پارێزگا ئاگادارنەبێت کە تەواوی زانیاری لەسەر داھات و خەرجی لە خەزێنەکان و بانکی ناوەندی ھەرێم ( سلێمانی ) نیەو خەزێنەکان تەنھا ئاگاداری خەرجییە مەڵبەندییەکانن و زانیاری وردو دروستیان لانیە”.

هاوکات وەزارەتى دارایى ئاماژەى بەوەشکردووە، پرسی لامەرکەزی لە دوتوێی بەرنامەی حکومەتدایە کە ھی ھەمو لایەنەکانە بەتایبەت سێ لایەنی پێکھێنەری حکومەت، بۆیە نەداھێنانێکی نوێیە و لیژنەی باڵای جێبەجێکاری بەرنامەکەش ئەنجومەنی وەزیرانە، واتە ھەرسێ لایەنی سەرەکی پێکھێنەری حکومەت.
لە کۆتایى رونکردنەوەکەشدا هاتووە” ئەنجومەنەکانی ھەرسێ پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و دھۆک گەواھی ئەوە دەدەن کە وەزیری دارایی و ئابوری داکۆکیکارێکی سەرسەختی پرەنسیپی لامەرکەزییە و ھەرلەسەرەتاوە لە کارە لە پێشینەییەکانی بووە.


هەواڵی زیاتر