د.هەڤاڵ ئەبوبەکر: قەدەغەکردنی‌ هاتوچۆی‌ تەواو زیان بە کاروکاسپی‌ هاوڵاتیان دەگەیەنێت

31/05/2020

پارێزگاری‌ سلێمانی‌ رایدەگەیەنێت؛ ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ له‌م قۆناغەدا پابەندبونی‌ هاوڵاتیان بە رێنماییە تەندروستییەکان، چونکە تا هاوڵاتیان پابەندتر بن مەترسییەکان کەمتر دەبن و سنوری‌ تەشەنەکردنی‌ ڤایرۆسەکە تەسکتر دەبێتەوە.
دەشڵێت: بە بڕوای‌ ئێمە قەدەغەکردنی‌ هاتوچۆی‌ تەواو زیان بە کاروکاسپی‌ هاوڵاتیان و ئابوری‌ دەوڵەت دەگەیەنێت.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری‌ سلێمانی‌ رایگەیاند: ئێمە لەم دۆخەدا بڕوامان وایە پێویست دەکات لەگەڵ روبەڕوبونەوەی‌ تەوای‌ مەترسیەکانی‌ ڤایرۆسی‌ کۆرۆنا، هەوڵی‌ ئەوە بدەین کە رێکارەکان لەلایەن فەرمانگەکانی‌ دەوڵەتەوە بەتایبەتی‌ لەلایەن کەرتی‌ تەندروستییەوە توند بکرێنەوە، ئەوەش بە چاودێریکردن و پشکنین و گرتنەبەری‌ رێکاری‌ پێویست بۆ هەر کەسێک کە رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ ناکات.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، باس لەوەشدەکات، کۆرۆنا بەدوای‌ خۆیدا دو مەترسی‌ زۆر گەورەی‌ هێناوە، کە هەرەشەکردنە لە بژێوی‌ و داهات و کارو کاسپی‌ هاوڵاتیان و کەمکردنەوە و زیانگەیاندن بە ئابوری‌ دەوڵەت.
جەختیش دەکاتەوە، ئەرکی‌ ئەوان وەک حکومەت لەم قۆناغەدا لەسەر سێ تەوەر وەستاوە، بەم شێوەیە:
یەکەم: گرتنەبەری‌ رێکاری‌ زۆر پێویست بۆ کەمکردنەوە و رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی‌ ڤایرۆسی‌ کۆرۆنا.
دوەم: باشکردن و چاککردن و پەرەپێدانی‌ کاروکاسپی‌ هاوڵاتیان.
سێیەم: باشکردن و چاککردنی‌ ئابوری‌ و دارایی‌ دەوڵەت.


هەواڵی زیاتر