ستەم کامیل: دەبێت سیاسەت کەرەستەیەک بێت بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی باش کە تیایدا تاکی کورد ماف و کەرامەتی پارێزراو بێت

02/06/2020

رێکخەری ژوری توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت: هێشتا درەنگ نیە بۆ سەرپێخستنی‌ پڕۆژەیەکی نیشتیمانسازی راستەقینە، هەرچەندە ئەوەی دەیبینین، بە بەراورد بە ئاستی گەندەڵی، پڕۆسەی چاکسازی خاو و لەسەرخۆیە، بەڵام ئەوەی‌ کە گرنگە دەسەڵات لێێ تێبگات ئەوەیە کات لەبەرژەوەندنی ئەو نییە و هیچ دەسەڵاتێک نیە دەرفەتی هەتا هەتایی لەبەردەمدا بێت بۆ چاکسازیکردن.   

ستەم کامیل رێکخەری ژوری توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەدیمانەیەکدا لەگەڵ سایتی(سبەی) ڕایگەیاندوە، لەگەڵ دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕاندا، گوتار و ململانێی سیاسی لە کوردستاندا، گۆڕانێکی جەوهەری و فرە رەهەندی بەسەردا هات، بەشێوەیەک گوتاری سیاسی بۆ رەوایەتیدان بە حوكمڕانیکردن لە گوتاری شەرعیەتی خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتیەوە گۆڕا بۆ شەرعیەتی دیموکراسی و "گۆڕان، قوڵایی گوتاری سیاسی خۆی لەسەر بنەماکانی حوكمڕانی باش و دادپەوەری کۆمەڵایەتی بیناکرد.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هەر هێزێکی سیاسی تر لەم چەند ساڵەدا سەریهەڵدابێت، هەمان ئەو چەمک و گوتارانە دوبارە دەکاتەوە کە بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەکانی (2009) وە ناساندویەتی".

ستەم کامیل دەشڵێت" سەرجەم سیستم و  ڕێکخستنە سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان، بە تایبەت سیستمە ستەمکار و نادادپەروەرەکان، هەرگیز ناتوانێت بۆ هەتا هەتا بمێنێتەوە. ڕەنگە ئەم جۆرە سیستمانە بتوانن بۆ چەند دەیەیەک خەڵک سەرکوت بکەن و لە ژیان نائومێدیان بکەن، بەڵام لە مێژوی مرۆڤایەتیدا هەرگیز سیستمێک نەبوە لە گۆڕانکاری بەدەر بێت. بە مانایەکی تر، نادادی و ستەمکاری بۆ هەتا هەتایە نامێنەوە، بۆیە بەردەوام گۆڕانکاری ئەگەرێکی ئامادە و کراوەیە لە بەردەم خەڵکدا.
 
رێکخەری ژوری تویژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەشڵێت" بە هۆی قەیرانی دارایی و ئابوریەوە، لەم چەند ساڵەی دواییدا، خەڵکی کوردستان زۆر ماندو بوە و ئەولەویەتەکانی ژیانی گۆڕاوە. چەند ساڵێکە سیاسەت لە ئەولەویەتی ژمارە یەکەوە هاتوەتە خوارەوە و پێگەی گرنگی خۆی بۆ پرسە ئابوریەکان لە دەستداوە. لە ئێستادا، خەمی یەکەمی‌ خەڵک دابینکردنی بژێوی و، وەرگرتنی موچەیە لە کاتی خۆیدا. کاتێک گوزەرانی خەڵک بەو جۆرە بێت، رەنگە سیاسەت بۆ ئەو کەسە گرنگی پێویستی خۆی لەدەست بدات.

لە دیمانەکەدا ستەم کامیل دەڵێت: هێشتا درەنگ نیە بۆ سەرپێخستنی‌ پڕۆژەیەکی نیشتیمانسازی راستەقینە، هەرچەندە ئەوەی دەیبینین، بە بەراورد بە ئاستی گەندەڵی، پڕۆسەی چاکسازی خاو و لەسەرخۆیە، بەڵام ئەوەی‌ کە گرنگە دەسەڵات لێێ تێبگات ئەوەیە کات لەبەرژەوەندنی ئەو نییە و هیچ دەسەڵاتێک نیە دەرفەتی هەتا هەتایی لەبەردەمدا بێت بۆ چاکسازیکردن، دەبێت سیاسەت کەرەستەیەک بێت بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی باش کە تیایدا تاکی کورد ماف و کەرامەتی  پارێزراو بێت.


هەواڵی زیاتر