رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی سلێمانی-یه‌وه‌

10/06/2020

وەزارتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم
بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی سلێمانی

روونکردنەوە

بەداخەوە لێرەو لەوێ هەندێک کەناڵی ئاسمانی و سوشیال میدیا دوور و نزیک ئاماژە بەوە دەدەن کە لەچاکسازی گەورانی سلێمانی گومانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت.
بەپێویستمان زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بدەین.
ئاگاداری ڕای گشتی و کەس و کاری سزادراوان دەکەینەوە خۆشبەختانە هیچ حاڵەتێکی گوماناویش لەتووشبوون بەڤایرۆسی کۆرۆنا لەنیوان سزادراوان و کارمەندانیشدا نییە و بەهەوڵی دڵسۆزانەی هەموو لایەک توانراوە لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا هەموو ڕێکارێکی توندی تەندروستی بگیرێتە بەر و تا ئەم ساتەوەختەش هیچ حاڵەتێکی گووماناویش بوونی نییە.
سەبارەت بەوەی کە بۆچی سەردانیکردنی کەس و کاری سزادراوان و مۆڵەت دانیان ڕاگیڕاوە، لێرەوە بە خێزان و کەس و کاری سزادراوان دەڵین بمان بەخشن تەنها هۆکارەکەی پاراستنی باری تەندروستی سزادراوان و کارمەندان و کەس و کاریانە تا گیانیان پارێزراوبێت لەهەر ئەگەرێکی تووشبوونی ئازیزەکانتان بەڤایرۆس.
وە دەوترێت ئازادکردنی بەمەرج و تەواو بوونی سزا بەرنادرێن، بۆ بەرچاو ڕوونی هەموو لایەک ڕوژانە هەر دووحاڵەتەکە جێبەجێ دەکرێت و تەنانەت ڕۆژە پشووەکانیش بەڕێز داواکاری گشتی چاکسازیمان و بەڕێزان بەڕێوەبەر  و بەشەکانی یاسا و کۆمەڵایەتی و هێزی جێبەجێکار هاتوونەتەوە تا کارەکان بەزوویی ئەنجام بدرێن، بەڵام دەشێت کارەکانی ئازدکردن دوابکەوێت لەبەر ئەوەی هەر فایلێکی سزادراو دەبێت بەوردی لێکۆڵینەوەی تیادا بکرێت و زۆری پشووەکانیش کاری فەرمانگەکان و دادگاشی دواخستووە.
سەبارەت بەوەی سزادراوەکان ڕێگەیان پێ نادرێت خێزانەکانیان پارەیان بۆ بێنن، بەرچاوڕوونی دەدەینە بەڕێزتان ڕۆژانە دەتوانن پارەیان بۆ بهێنن و بەشی ئەمانەت بەزوویی دەیگەیەنێتە سزادراوەکە.
بەهیوای ئەوەی ڕاستییەکان وەک خۆی بدرێتە هەموو لایەک



هەواڵی زیاتر