بە فەرمانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە قیرتاوکردنی رێگای کانی شەیتان-ئاغجەلەر دەستیپێکرد

18/06/2020

بە فەرمان و رەزامەندی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، بودجە بۆ پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگای کانی شەیتان-ئاغجەلەر دابینکراو پڕۆژەکە لەبواری جێبەجێکردندایە.

پرۆژەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سلێمانییەوە جێبەجێدەکرێت.

ئیبراھیم عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبانی سلێمانی رایگەیاند، پرۆژەکە بە فەرمانی بەڕێز وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بڕیاری جێبەجێکردنی دەرچوەو فەرمانی بەڕێزیان وەرگیراوە بۆ خەرجکردنی بودجەی پڕۆژەکە لەسەر بودجەی وێستگەکانی کێش، لەئێستاشدا بە دو قۆناغ کاری تێدا دەکرێت، قۆناغی یەکەم ماوەی ھەفتەیەکە دەست بەکارکردن کراوە تیایدا.

ھاوکات جەمال محەمەد رەزا، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سلێمانی رایگەیاند؛ ماوەی ھەفتەیەکە تیمەکانمان دەستیان بەکارکردن لە پڕۆژەکەدا کردوەو رێگاکە بەشێوەیەک چاک دەکرێت کە ستاندارد بێ و کارئاسانی بێت بۆ ھاتوچۆی ھاوڵاتیان. بودجەی پڕۆژەکەش، بەشێکی لەسەر بودجەی وێستگەکانی کێشی سەر بە وەزارەت و بەشەکەی تری لەسەر بودجەی ئاسایی بەڕێوەبەرایەتیمان ئەنجامدەدرێت.

ئاماژەی بەوەکرد، لەچوارچێوەی کارەکانی پڕۆژەکە ئەمڕۆ لە کانی شەیتانەوە نزیکەی ٣٠٠مەتر قیرتاو کراوەو رۆژانی داھاتوش کارکردن بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی بەزوترین کات تەواو بکرێت و ھاوڵاتیان سودی لێ ببینین.


هەواڵی زیاتر