KNN نهێنی رێككەوتنی یەكێتی پارتی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئاشكرا دەكات

21/10/2018

ئەگەر پارتی ‌و یەكێتی لەسەر ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان رێكنەكەوتنایە چوار كورسی كەمیان دەكرد
KNN ناوەرۆكی ئەو رێكەوتنە ئاشكرا دەكات، كە یەكێتی ‌و پارتی لەماوەی كەمتر لە چوار كاتژمێر لەنێوان خۆیاندا كردویانە، بەپێی بەدواداچونەكانی KNN ئەگەر سكاڵاكان یەكلا بكرانایەوە یەكێتی ‌و پارتی چواركورسی كەمیان دەكرد، دەنگی هێزەكانی تر زیادی دەكرد.

 بڕیاربوو كاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە ئەنجومەنی كۆمیساران كۆببێتە، بەڵام بەبێ هیچ هۆكارێكی دیاریكراو ‌و بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ  كۆمسیارەكانی گۆڕان ‌و یەكگرتوو كۆمەڵ بۆ ئێوارەی هەمان رۆژ دواخرا‌و لەو سەروبەندەدا نوێنەرەكانی پارتی ‌و یەكێتی حزبەكانی خۆیان لە مەترسیەك ئاگادار دەكەنەوە.

بەپێی زانیارییەكانی KNN دوای ئەوەی پرۆسەی وردبینی سكاڵاكان كۆتاییدێت، راپۆرتی لیژنەكان دەچێتە بەردەست سەرۆكی كۆمسیۆن، كە لە پشكی پارتیە، لەمەوە بۆی دەردەكەوێت، ئەگەر ئەو هەزارو چل سكاڵایە بەوشێوەیەی لیژنەكانی لێكۆڵینەوەیان پێشنیاریانكردووە وەك خۆی جێبەجێبكرێت ئەوا زۆرینەی ئەو ناوەند‌و وێستگەو سندوقانەی دەسوتێن درێن لەدەنگی پارتی ‌و یەكێتی دەڕوات بەمەش دەنگەكانیان كەم دەكات.

بۆیە نوێنەرەكەی پارتی لە كۆمسیۆن حزبەكەی لەم مەترسیە ئاگادار دەكاتەوە، ئیتر ئەو كاتە تێدەپەرێت، كە بۆ كۆبونەوە دیاری كراوە لە رێگەی مەكتەبی سیاسی پارتیەوە یەكێتی ئاگادار دەكرێتەوە، كە ئەگەر ئەنجامەكان رانەگەیەندرێت ئەوا دەنگەكانیان كەم دەكات‌و كاریگەری لەسەر كورسیەكان دەبێت.

یەكێتی لەسەر ئەمە دەبن بەدوو بەشەوە، زۆرینە لەگەڵ ئەوەدابوون پەسەند نەكرێت، بەڵام پارتی رەتیكردووەو بریاریدا هەمان شەو ئەنجامەكان رابگەیەندرێت، دواتر لە كاتژمێر 10:30 خولەكی هەمان شەو قوباد تاڵەبانی وەڵامی پارتی دەداتەوە‌و رێككدەكەوتن لەسەر ئەوەی كاتژمێر 12 شەو ئەنجامەكە رابگەیەنن.

- هەزار و چل و پێنج سكاڵا لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن تۆماركرا.
- ژمارە سندوقەكان 228 سندوق. 
- ژمارەی ناوەندەكان 96 ناوەند.
- رێژەی دەنگی ئەو ناوەندانە 119 هەزار دەنگە. 
- رێژی كورسی نزیكەی 16 هەزار دەنگ بووە.
 
سوتانی دەنگەكانی یەكێتی ‌و پارتی بەپێی ئەو سكاڵایانەی لەسەر ئەو ناوەندانە هەبووە، نزیكەی 67 هەزار دەنگبووە بەمەش چوار كورسی پەرلەمانی كەمی دەكرد، ئەو كاتە ئەنجامەكان بەمشێوەیە دەبووە.
-پارتی 43 كورسی 
-یەكێتی 19 كورسی 
-هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی ‌و دادپەروەری یەك كورسی
-بزوتنەوەی گۆڕان 13 كورسی 
-یەكگرتووی ئیسلامی 6 كورسی 
-نەوەی نوێ 9 كورسی 

بەڵام,ئەوان دەنگی هەموو سندوقە تانە لێدراوەكانیان سوتاند، كە 119 هەزار دەنگ بوو، بەم شێوەیە هەموو حزبەكان بۆ هەر كورسیەك هەزار دەنگیان لێ كەمكرایەوە‌و بۆ نمونە گۆڕان 12 هەزار دەنگی لێ كەمكرایەوە، كە رێژەی كورسیەك دەكات حزبەكانی تریش بە هەمان شێوە.

 

 

 

 

 

 

.


هەواڵی زیاتر