دانا ئەحمەد مەجید


دانا ئەحمەد مەجید شاسوار
لە (6/3/1956) لە گەڕەكی مەڵكەندی شاری سلێمانی لەدایكبووە
لە قەڵادزێ چوەتە قوتابخانە و هەمان ساڵ گەڕاونەتەوە بۆ سلێمانی
چوار و پێنجی سەرەتایی لە (سدة الهندیة)ی لە پارێزگای بابل خوێندووە
دواتر گەڕاونەتەوە سلێمانی و شەشی سەرەتایی لە قوتابخانەی حەمدی لە سلێمانی تەواو كردوە
قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواو كردوە
لە ساڵی (1974) بوەتە پێشمەگە لە هێزی ئەزمەر
لەدوای شكستی شۆڕش گەڕاوەتەوە سلێمانی
لە بەشی جیۆلۆجی كۆلێژی زانستی زانكۆی سلێمانی وەرگیراوە
دوای دو ساڵ خوێندن لە زانكۆ، لە ساڵی (1978) لەسەر داوای رێكخستن چوەتە شاخ و ماوەیەك لە قەندیل لەگەڵ سەركردایەتی بوە
هەمان ساڵ و لە (1978) دوای ئەوە لەگەڵ سەید سەلیم راسپێردراوە بۆ دروستكردنی هەرێمێك لە ناوچەی روانودز و هەریر و بەرانەتی كە هەرێمێكی نوی بوە
مانگی (3ی 1979) گەڕاوەتەوە بۆ سەركردایەتی
ساڵی (1979) كراوەتە فەرماندەی كەرتی یەك لە هەرێمی (59) لە دۆڵەروت
لە ساڵی (1980) لەگەڵ نۆ كادیری دیكە خولێكی سەربازی لە لوبنان تەواوكردوە
ساڵی (1981) دوای گەڕانەوەی و پێكهێنانی تیپەكان، بوەتە سەرتیپی (31)ی سلێمانی
دوای شەهیدكردنی شەهید شەماڵی باخ، لەسەر داوای رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بوەتە سەرتیپی (93)ی كۆیە
ساڵی (1984) كە سەركردایەتی هاتوەتە سورداش، بوەتە سەرتیپی (23)ی سورداش
دوای هەڵگیرسانەوەی شەڕ، لە ساڵی (1985) بوەتە سەرتیپی (25)ی خاڵخاڵان
ساڵی (1986) بوەتە لێپرسراوی پەیوەندییەكانی یەكێتی لە وڵات (یاخسەمەر) تا ساڵی (1988)
دوای تاوانی شاڵاوەكانی ئەنفال چوەتە قاسمەرەش و قەندیل و ناوزەنگ و لەسەر بڕیاری مەكتەبی سیاسی كراوەتە لێپرسراوی پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ ئێران لە كرماشان تا ساڵی (1991) و راپەڕینی خەڵكی كوردستان
لە ژیانی پێشمەرگایەتی و پارتیزانیدا چەندجارێك بریندار بووە
لە ساڵی (1993) كراوەتە بەرپرسی پەیوەندیەكانی یەكێتی لە سوریا تا ساڵی (2001)
لە ساڵی (2001) راسپێردراوە بۆ ماوەی ساڵێك پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ ئێران سەرپەرشتی بكات
لە (1/10/2003) لە پۆستی بەرێوەبەری گشتی ئاسایشی هەرێم بە پلەی وەزیر دەستبەكاربووە تا (31/4/2005)
دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە (28/5/2005) پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەرگرتوە و تا (7/12/2009) بەردەوام بوە
لە ناوەڕاستی ساڵی (2011) بە هۆكاری پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕان و دۆخێكی تایبەت چوەتە دەرەوەی وڵات
لە تەموزی (2024) گەڕاوەتەوە كوردستان
لە (18/9/2024) بریكارنامەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی بۆ دەركراوە بۆ پیادەكردنی ئەرك و دەسەڵاتەكانی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە وەكالەت
رۆژی (28/9/2024) لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبونی زۆرینەی رەهای جفاتی نیشتمانی و گشتی و تیمەكانی حكومەت و هەڵسوڕاوان گۆڕانخوازان لە رێوڕەسمێكدا دەستاودەستی دەسەڵاتی كرد لەگەڵ عومەر سەید عەلی و بە فەرمی وەك رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەستبەكاربوو

ژیانی تایبەت
خاوەنی پێنج برا و یەك خوشكە كە چوار لە براكانی پێشمەرگە بون
ساڵی (1984) لەگەڵ خاتوو چیمەن عەبدولڕەحمان هاوسەرگیری كردوە
خاوەنی سێ منداڵە (لەنیا، زانا و توانا)