‌کتێبێکی نوێی نەوشیروان مستەفا بڵاودەکرێتەوە ‌‌

02/10/2019

رۆژی دوشەممە، کتێبێکی بڵاونەکراوەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا کە بەشێکە لە زنجیرەی بە دەم رێگاوە گوڵچنین، دەخرێتە بەر دیدەی خوێنەران.

ئەم کتێبە نوێیە لەسەر چوار شاعیری هەڵکەوتوی نەوەی دوەمی شاعیرانی قوتابخانەی بابانە، ئەوانیش  (حاجی قادری کۆیی، شێخ رەزای تاڵەبانی، وەفایی و حەریق) کە بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبیی سۆسیۆلۆجیی، لەسەر ژیان و بەرهەمی ئەو چوار شاعیرە کە بە نەوەی دوەمی قوتابخانەی ئەدەبیی بابان دایناون.

لیژنەی پاراستنی ئەرشیفی نەوشیروان مستەفا ئاماژەی بەوەکردوە، دوایین دێڕی نوسینەکەی نەوشیروان مستەفا سەبارەت بە حەریق، دیارە کە کتێبەکەی تەواو نەکردوە، وەک لەو پێشەکییەش کە خۆی بۆ لێکۆڵینەوەکەی نوسیوە، دەردەکەوێت کە بەرنامەیەکی پلان-بۆداڕێژراوی هەبوە لەسەر شیعر و تایبەتمەندیی یەک ‌بەیەکی ناوە دیارەکانی نەک هەر نەوەی دوەم، بەڵکو نەوەی سێیەمی ئەو قوتابخانە شیعرییە بنوسێت، بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای نەداو ئەم پڕۆژەی نوسینەی بە تەواونەکراوی بەجێهێشت.

کتێبەکە لە زنجیرەی بەدەم رێگاوە گوڵچنیندا، دەبێتە بەرگی سێیەم لە کتێبی یەکەم، کە قەبارەکەی (24 × 16)سم و (166) لاپەڕەیە.