(سبەى) کتێبێکى دەنگیى نەوشیروان مستەفا بڵاودەکاتەوە
24/05/2020
(سبەى) لە جەژنى رەمەزاندا، کتێبێکى دەنگیى نەوشیروان مستەفا دەکاتە دیاریى خوێنەر و بینەرانى.
نەوشیروان مستەفا ئەمین، سەرکردەى نیو سەدە لە خەباتى گەلى کوردە و ئەندازیارى راپەڕینى ساڵى (1991)ـە، هاوکات روناکبیر و مێژونوس و قەڵەمێکى دیارى گەلى کوردە و خاوەنى زیاتر لە (30) کتێب و لێکۆڵینەوە و چەندین وتارە.
لە یەکەم رۆژى جەژنى رەمەزان، (سبەى) کتێبى (بەدەم رێگاوە گوڵچنین - کتێبى یەکەم) (گەڕانەوە بۆ دواوە، چەردەیەک لە ئەدەبى میزۆپۆتامیا، سەرەتاکانى ئەدەبى نوسراوى کوردى) بە شێوەى دەنگیى بڵاودەکاتەوە.
لەسەرەتاى کتێبەکەدا نەوشیروان مستەفا ئەمین دەڵێت؛ هەر کەس لە ژیاندا رێگەیەکى گرتوە و کارێکى کردوەتە پیشەى سەرەکى خۆى لەپاڵ ئەو کارەدا رەنگە هەندێک کارى لاوەکى بکات یان هەندێ سەرگەرمى ترى هەبێ کاتە بۆشەکانى ژیانى تیا بەسەر بەرێ، یەکێ حەزى لە وەرزشە یەکێکى تر لە گۆرانى و هەڵپەرکێ و یەکى تر حەزى لە سوارییە و یەکێکى تر لە راو، یەکێ حەزى لە سینەمایە و یەکێکى تر لە کۆڕى شەوان. بەندە رێبوارى رێگەى کارى سیاسى بوم بە هەمو لایەنە جیاوازەکانیەوە؛ کارى رێکخراوەیى، پێشمەرگەیى، میدیایى، رێگەیەک کە خۆم هەڵمبژارد رێگەیەک بو دژوار و سەخت پڕ لە روداوى خۆش و ناخۆش پڕ لە گلان و سەرکەوتن رێگەى هات و نەهات، چونى هەبو گەڕانەوەى نەبو، بەڵام بەدەم بڕینى ئەو رێگایەوە ئەوەندەى بوارم بوبێ و کاری سەرەکى ماوەى دابم خەریکى جێبەجێکردنى سەرگەرمیەکانى خۆم بوم کە بەشێکى گۆڵچنین بوە لە گوڵزارى ئەدەبى کوردى.
رەنگە کەسێک کە لەدورەوە من بناسێت بەلایەوە سەیر بێت، من و بابەتى لەم چەشنە کوجا مەرحەبا، بەوهیوایەى بەم رونکردنەوەیە توانیبێتم ئەو گومانە بڕەوێنمەوە، بەڵێ ئەمە چەپکێکە لەو گوڵچنینە.
کتێبەکە کاوان کەریم خوێندویەتیەوە، ئێستا بە دەنگ لە بەشى (گەنجینەى نەوشیروان مستەفا) بەردەستە و دەتوانن لەم لینکەى خوارەوە گوێبیستى بن.