جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە
09/10/2024
ئەمڕۆ (چوارشەمە ٩ی ١٠ی ٢٠٢٤)، کۆبونەوەى نائاسایی جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆران، بە بەشداری زۆرینەی ئۆرگانەکان و ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی، لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی بەڕێوەچو.
لەسەرەتادا، کامیل شێخ قادر، سکرتێری جڤاتی نیشتمانی، کارنامەی کۆبونەوەکەی بۆ ئامادەبوان خستەڕوو لەوانە، دوایین پەرەسەندنی سیاسیی و شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ئەو گۆڕانکارییە سیاسیانەى کە ڕودەدەن و کاریگەریان لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێم دەبێت.
هاوکات، هەڵوەستەکردن لەسەر میکانیزمی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی ١١٤ی بزوتنەوى گۆڕان و هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرپەمانی کوردستان. دواین تەوەریش متمانەدانەوە بە دانا ئەحمەد مەجید وەک ڕێکخەری گشتی لەلایەن ئەندامانی جڤاتی نیشتمانییەوە.
لەو بارەیەوە، دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەرى گشتى بزوتنەوى گۆران، هەڵوەستەی لەسەر گۆڕانکارییە سیاسیەکانی ناوچەکە کرد و ڕایگەیاند، شەڕو ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە هەڕەشە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن، هەربۆیە لەم بارودۆخە هەستیارەی ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، ئەرکی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و حکومەتی هەرێمە، بە ستراتیجێکی نیشتیمانی مامەڵە لەگەڵ پەرەسەندنەکانی ئەم دۆخەکە بکەین و، لەپێناو بەرژەوەندى گشتى هاوڵاتیان و میللەتەکەمان خۆمان و هەرێمى کوردستان لەو ململانێ و ئاڵۆزیانەدا بپارێزن و هاوسەنگی سیاسیی ڕابگرین.
لەبارەى پرۆسەى هەڵبژاردنیش، ڕێکخەری گشتى هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی بە وێستگەیەکی گرنگی دیموکراسی بۆ هەرێم و بزوتنەوەی گۆڕان ناوبرد و، داوای لەسەرجەم ئۆرگان و یەکە رێکخراوەکانى گۆران کرد، بە پەرۆش و بە گڕوتینەوە بەشدارى بانگەشەى هەڵبژاردن بکەن و هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ بۆسەر خستنى کاندیدانى لیستى 114ى بزوتنەوى گۆران لە هەر چوار بازنەی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، دانا ئەحمەد مەجید، هەڵوست و پشتیوانی چەندین دامەزراوە و کەسایەتى و نوسەر و رۆشنبیرانی بەرز نرخاند، کە بەدەم گوتاری نوێی بزوتنەوى گۆرانەوە هاتوون، ئەمەش نیشانەى سەرکەوتنى خەباتی سیاسیی گۆڕانە، کە ڕوو لە خەڵکە و جگەلەوەی ددان بە هەڵەکاندا دەنێین، بزوتنەوى گۆرانیش بۆ قۆناغى ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی ئامادە دەکەین.
لە کۆتایدا، زۆرینەى ئەندامانی جڤاتى نیشتیمانى، متمانەیان بەخشیەوە بە دانا ئەحمەد مەجید، وەک رێکخەرى گشتى بزوتنەوى گۆران، ئەمەش دوایئەوەی لە رۆژى 18ى ئەیلولى 2024دا، بە نوسراوی فەرمی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەرجەم دەسەڵاتە رێکخراوەییەکانى بزوتنەوەی گۆڕان لەرێگەى بەڕێز عومەر سەید عەلی ەوە گواسترایەوە بۆ دانا ئەحمەد مەجید، کە پەیڕەوى دەسەڵاتەکانى رێکخەرى گشتى بکات، دواتریش لە (28ی ئەیلولی 2024) لەمەراسیمێکدا لە شاری سلێمانی دەستاودەستی دەسەڵات کرا و بەیداخی بزوتنەوەی گۆڕان پێشکەش بەرێکخەرى نوێی گشتى بزوتنەوەى گۆڕان کرا.