گۆڕان: هەرێمی کوردستان باجی حوکمڕانی خراپ و پەرتەوازەیی سیاسیی دەدات

05/03/2024

ڕاگەیەندراوی فەرمی

لە بەیاننامەیەکدا کە تایبەت بە یادى راپەڕین بڵاویکردوەتەوە؛ بزوتنەوەى گۆڕان جەخت دەکاتەو کە هەرێمى کوردستان دواى 33 ساڵ ئێستا لە هەلومەرجێکى دژوارى سیاسى و ئابورى و دامەزراوەیدا یادى راپەڕینەکەى دەکاتەوە و بە دۆخێکى پڕ ئاڵنگاریی و قەیران و خراپى دۆخى ژیان و گوزەرانى هاوڵاتییان و موچەخۆران تێدەپەڕێت.


دەقى بەیاننامەکەى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ یادى 33 ساڵەى راپەڕین:
‎ئەمڕۆ، لە هەلومەرجێکی دژواری سیاسیی و ئابوری و دامەزراوەییدا؛ هەرێمی کوردستان یادی (33)هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان دەکاتەوە، ڕاپەڕینێک وەک ڕەتکردنەوەیەکی گشتی لە ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕینەوە چەخماخەی سەند و بە ماوەیەکی کەم هەمو ناوچەکان لە دەستی ڕژێمی بەعس ئازادکران و، لەدوا وێستگەشدا لە شاری کەرکوک تاجی سەرکەوتنی لەسەرنا.

‎ئەم ڕوداوە مێژوییە پڕ بایەخە، لە کاتێکدا بەبیر دەهێنینەوە، هەرێمی کوردستان لە هەموکات زیاتر بە ساتەوەختی پڕ ئاڵنگاری و قەیران و خراپی دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان و موچەخۆران تێدەپەڕێت. ئەم دۆخەش لە هەم ڕووەکانەوە کاریگەری نەرێنی جێهێشتوە، لە ڕوی سیاسیەوە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان و دامەزراوەکانی یاسادانان و چاودێری هەڵوەشاندووەتەوە؛ بەمەش هەرێم نەک تەنیا لە بۆشایی دامەزراوە شەرعیەکاندا ماوەتەوە، بەڵکو پێگەی لەسەر ئاستی عێراقیش لاوازتر و کەم کاریگەرتر بوە.

‎لەم چوارچێوەیەدا، ئەو ئاڵنگارییانەى ئەمڕۆ ڕوبەڕوى هاونیشتیمانیان و هەرێمى کوردستان بوەتەوە؛ بەشێکی زۆریان دەرئەنجامی بە لاڕێدابردنی ئامانجەکانی ڕاپەڕین و لێکەوتەى حوکمڕانی خراپن لەناوخۆدا، بەشێوەیەک ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، دروستنەکردنی هێزێکى نیشتمانى نیزامی، بەکارهێنانى دامەزراوە نیشتمانیەکان بۆ بەرژەوەندى حزبە فەرمانڕەواکان، نەهێنانەدی ئامانجە دیموکراتیەکان و ڕێزنەگرتن لە ئازادییە گشتی و مەدەنیەکان، پابەندنەبون بە سەروەری یاسا و لاوازکردنی ڕۆڵی دامەزراوەکان، قوڵکردنەوەی ناکۆکیە حزبیەکان و پەرتەوازەیی و دروستنەکردنی کۆدەنگی نیشتمانی، بە دوو ڕوانگەی جیاواز مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا و پاشکشێی خواستە و داواکارییە نەتەوەیی و ستراتیژییەکان، نەبونی یاسای بودجە و شەفافیەت لە داهات و خەرج، کە هەموو ئەمانە بەسەریەکەوە بووەتەهۆی لاوازبونی متمانەی سیاسیی بە حوکمڕانی کوردی و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان.

‎لەناو ئەم واقعە تاڵەدا، ئێمە لە بزوتنەوەى گۆڕان، کە دواهەمین پرۆژەى سیاسی ئەندازیارى ڕاپەرین نەوشیروان مستەفایە جەختدەکەینەوە؛ مەترسیەکان لەسەر سیستمی فیدڕاڵیزم و هەرێمی کوردستان ڕژد و کاریگەرن، هەربۆیە سەرکێشیکردن بە هەرێمى کوردستان، کە بەرهەمی خوێن و خەباتی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە و شانە چەکدارەکانە، ئەوپەڕی هەستنەکردنە بە بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و نەتەوەیی، هاوکاتیش هاونیشتمانیان شایەنی ئەوەن لەچوارچێوەى دامەزراوەکانی هەرێمى کوردستان بەوپەرى ڕێز و متمانەوە ئاستێکی بەرزی ژیان و بژێوی و ئازادیان بۆ دەستەبەرکراو بێت، لەو پێناوەشدا بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاوڵاتیان و موچەخۆران پێویستە فشارەکان جدیتر بکرێن بۆ ڕێککەتن لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی بە ئاراستەی جێبەجێکردنی مافە دەستورییەکان و دابینکردنی شایستە داراییەکان و موچەی فەرمانبەران.

‎لەکۆتایدا، دوای تێپەڕبونی (33) ساڵ بەسەر ڕاپەڕین و دەستکەوتەکانی؛ لە هەمو کات زیاتر، چارەنوسی هەرێمی کوردستان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە بەستراوەتەوە، ئەمەش دوابەدوای بۆ چوارهەمین جار ڕاگەیاندنی ڕۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە (10ى6ى2024)، لەو ڕوانگەیەوە، سەرەڕای پێشوازی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، هیوادارین لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکە لاببرێت و هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراودا ئەنجام بدرێت، چونکە پرۆسەی دیموکراسی و نوێکردنەوەی ڕەوایەتی سیاسیی و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان پەیوەندیدارە بەم هەنگاوە پێویستەی ژیانی دیموکراسی.

 

بزوتنەوەی گۆڕان
‎٥ی ئازاری ٢٠٢٤





هەواڵی زیاتر