نەوشیروان مستەفا ئەندازیاری خەباتی نەتەوەیی و سەرقافڵەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی

19/05/2024

ڕاگەیەندراوی فەرمی

نەوشیروان مستەفا ئەندازیاری خەباتی نەتەوەیی و سەرقافڵەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی
‎رۆژی (١٩ی ٥ی ٢٠٢٤)، حەوت ساڵ بەسەر کۆچى دوایی ئەندازیار و سوارچاکی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی ، پێشەنگ و سەرقافڵەی دادپەروەری کومەڵایەتی "نەوشیروان مستەفا" تێدەپەرێت.
‎ "نەوشیروان مستەفا" وەک سەرکردەیەکی واقعبین لە قۆناغەکانى خەباتی سیاسی و ڕوناکبیرى، کارەکتەرێکی متمانەپێکراو و خۆشەویستى خەڵک و پێشمەرگە و ئازادیخوازان بوو، لە هەموو ئەو قۆناغانەدا هەر پرۆژەیەکى هەبووبێت پشتگیرى جەماوەرى و دەستەبژێرى لەگەڵ بووە.
‎ کاریزمایی "نەوشیروان مستەفا" پرۆسەیەکە بە زۆر هەوراز نشێو و ئاڵنگاریدا تێپەریوە، ئەو لەوکاتەى تێزى دکتۆراکەی لە کەنارى دانوبەوە بەجێدەهێلێت و ڕوودەکاتەوە ناوزەنگ و ژیانی ناو تاشەبەردەکان، ئیتر لە خوێندکارێکى دکتۆراوە دەبێتە سەرکردەیەکى نیشتمانی و روناکبیرێکى بیرتیژ، پلاندانەر و فەرماندەیەکى سەربازیی.
‎ کاک نەوشیروان، لە شۆڕشدا دەبێتە داینەمۆی دروستکردنى ئیرادە و چەسپاندنى بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، لە ڕاپەرینى بەهارى (١٩٩١)دا دەبێتە ئەندازیار و فەرماندەى مەیدانى.
‎ لە دوای یەکەمین هەڵبژاردن و پێکهێنانی پەرلەمانى کوردستان، خواستی رادەستکردنى دەسەڵاتەکان بە دامەزراوە نیشتمانییەکان و پێویستبوونى دامەزراندنى سوپاى نیشتمانى هەبوو. لە دوای رووخانى رژێمى بەعس بە پێداگیری نەوشیروان مستەفا لەگەڵ سەرکردە دیارەکانی دیکە بەشێک لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانى خەڵکى کوردستان لە دەستورى عێراق چەسپێنران، ئەگەرچى رەوانشاد سەرنج و رەخنەی توندی لەسەر بەشێک لە مادەکانى دەستور هەبوو، وەک راپرسی بۆ یەکلاکردنەوەی خاکی کوردستان لە مادەى ١٤٠ دا.
‎ لە بڕوابوونێکى قووڵەوە پشتیوانى تەواویی لە ئازادیى کاری ڕۆژنامەوانى و ئازادییەکانى تاک و بزووتنەوەکانى گەنجان و خوێندکاران دەکرد. لەگەڵ ئەوانەشدا بە پرۆژە و بەرنامەى وردەوە دژى گەندەڵی و خراپکاری دەوەستایەوە، دەیویست کەرامەتى تاکەکان پارێزراوبن و دەوڵەت ئابوورى بەهێزى هەبێت و سەرمایەگوزارى بکرێت لە تواناکانى گەنجان و مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان پارێزراوبێت و لە ڕێگەى هەڵبژاردنى دیموکراسییانە خەڵک نوێنەرەکانیان هەڵبژێرێت و بەرگرى لە مافەکانیان بکات، سامانى سروشتى بە دادپەروەرانە بخرێتە خزمەتى خەڵک و ئاوەدانکردنەوە و بەرەو پێشبردنى هەرێمى کوردستان.
‎ ڕچەشکێن و بوێرى، تایبەتمەندیی "نەوشیروان مستەفا"بوون، دامەزراندنى "بزوتنەوەى گۆڕان"، وەک یەکەمین هێزى ئۆپۆزسیۆنى مەدەنى و پەرلەمانى، سەرەڕای ئاڵنگاری و دژایەتییە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکان، سەلمێنەرى ئەو تایبەتمەندییەى ئەون، هەربۆیە ڕۆڵ و پێگەی مێژویی ڕەوانشاد، تەنیا لە یەک پارچەی کوردستان سنوردار ناکرێ، بەڵکو وەک کارەکتەرێکی نەتەوەیی و نیشتمانی کاریگەریی بەسەر ڕوداوەکانی ئێستا و داهاتوی کوردستان دەمێنێتەوە.
‎پەرەسەندنەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەش، پێویستی بە وردبونەوە و بە هەندوەرگرتنی ڕوانگەی سیاسیی کاک نەوشیروان هەیە، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانی سیاسیی و دانانی نەخشەڕێگایەکی کوردستانی بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ، بەتایبەت دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکان و پرسی وزە، هاوکات زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و گەڕانەوە بۆ ڕەوایەتی دەنگی خەڵک و بەهێزکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی هەرێم.
‎ لە کۆتایی و لەم ساڵیادە ماتەمهێنەدا، جەخت دەکەینەوە بزوتنەوەی گۆڕان، وەک دوایین پرۆژەى سیاسیی ڕەوانشاد، درێژەپێدەرى ڕوانگە و ئامانجە نیشتمانییەکانى نەوشیروان مستەفا دەبێت، بەشێوەیەک لە هیچ بارودۆخێکدا بێ ئومێد نابین و بە پشتیوانی خوا و خەڵکی کوردستان بەسەر ئاڵنگاری و سەختیەکاندا زاڵ دەبین.
بزوتنەوەی گۆڕان
١٨ی ٥ی ٢٠٢٤


هەواڵی زیاتر