دەقی پەیامی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ خەڵكی كوردستان و هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان

30/09/2024

ڕاگەیەندراوی فەرمی

هاونیشتمانیانی خۆشەویست..
گۆڕانخوازانی دڵ پڕهیوا..
ئاشکرایە، گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی سیاسیی خاوەن بەرنامەی فرەڕەهەندی نیشتمانی دەستی بەکارکرد و مەبەستی بوو چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا بە ئەنجام بگەیەنێت و حوکمڕانی دادپەروەری و سەروەری یاسا بکاتە جێگرەوەی ئەم حوکمڕانیەی بەرقەرارە و لەوێشەوە ژیانێکی باشتر و شایستە بۆ خەڵکی بە ئەمەکی کوردستان فەراهەم بکات.

حوکمڕانییەک، کە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەری و جێبەجێکردن تیایدا سەربەخۆ و لەیەک جودا بن، حوکمڕانییەک کە هێزە چەکدارەکان لەژێر چەتری هێزێکی نیشتمانی نیزامی کۆبکاتەوە و، دیاردەی هێزی چەکداری حیزبی کۆتایی بێت.

بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە، وەکو یەکەمین و گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆن، هەموو ڕێگایەکی مەدەنیانە و ئاشتیخوازانەمان گرتەبەر، شێوازێکی نوێی کارکردنی ئۆپۆزسیۆنی فەراهەم هێنا و کۆمەڵێک پاکێجی گرنگی چاکسازیمان خستە بەردەم دەسەڵاتی سیاسیی، دواجاریش هەر بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو پاکێجانە بەشداری حکومەتمان کرد، بەو هیوایەی ئەوەی لەڕێی خەباتی ئۆپۆزسیۆنەوە بۆمان ئەنجام نەدرا؛ لەڕێی بەشداریمانەوە لە حکوومەتدا خزمەتی هاونیشتمانیانمان بکەین، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی سیاسیی ئەو بەڵێنانەی بۆ چاکسازی لەسەری ڕێککەوتبووین جێبەجێی نەکرد.

 دواجاریش ئەو بەشدارییە بە زیانی خەڵک و بزوتنەوەی گۆڕان و تەنانەت بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش شکایەوە، لەو ناوەندەشدا پاشەکشێی بزوتنەوەی گۆڕان بە کەمبوونەوەی متمانە دەنگی لەناو خەڵک بە گشتی و گۆڕانخوازان و دەنگدەرانی گۆڕان بەتایبەتی بەدوای خۆیدا هێنا، هاوکاتیش ژمارەیەک کارەکتەر و سەرکردەی دیار و هەڵسوڕاوە دڵسۆزەکانی گۆڕان دوورکەوتنەوە.

هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان  ..
گۆڕانخوازانی بە هەڵوێست ..
ئێمە لەکاتێکدا بە چاوی ڕەخنەوە سەیری ئەو ساڵانەی بەشداریمان لە حکومەتدا دەکەین؛ بە ئەزموونێکی ناسەرکەوتووی لەقەڵەم دەدەین، هەربۆیە لەبەرامبەر ئەو هەڵە و کەموکوڕیانەی کە ئەنجامدراوە و بۆتە مایەی دڵساردی دەنگدەرانی گۆڕان، داوای لێبوردن دەکەین، بەڵێن دەدەین لاپەڕەیەکی نوێ لە کاری سیاسیی بۆ خزمەتی خەڵکە خۆشەویستەکەمان هەڵدەدەینەوە و بەخۆداچوونەوەیەکی قووڵ و گشتگیر لەناوخۆی خۆمانەوە دەست پێدەکەین، بەو هیوایەی بە پشتیوانی هاونیشتمانیان و گۆڕانخوازان بتوانین بزوتنەوەی گۆڕان لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێم و عێراق و ناوچەکەدا بگەڕێنینەوە پێگەی شایستەی خۆی.

لەلایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم سەرباری ئەوەی ئەم دۆخە ناهەموار و قەیرانئامێزەی بەسەر هەرێمی کوردستانیاندا هێناوە، بێ ئومێدیەکی زۆریش لای خەڵک دروست بووە و متمانەی هاوپەیمانان و دۆستەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەم حوکمڕانیە کەم بووەتەوە. لەبەرامبەریشدا، لەناوخۆدا، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، لە دۆخێکی پەرتەوازەییدا دەژین، ئەمەش لەلایەکەوە خزمەتی حیزبەکانی دەسەڵات و درێژەدان بەم حوکمڕانییە ناتەندروستە کردووە و لەلایەکی تریشەوە ئومێدی خەڵک بۆ دەرچوون لەم بازنەی قەیرانە لاوازتر کردووە.
لەم ڕوانگەیەوە، هەوڵی ئێمە بۆ گەڕانەوەی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ بینینی ڕۆڵی شایستەی خۆی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندا، بەتایبەت لەڕێگەی بەشداری هەڵبژاردن و ململانێی دیموکراتی خزمەتی خەڵک بکەین، بەشێوەیەک ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچۆنێک بێت بەشداری لە حکومەتدا ناکەین، تا ئەو کاتەی زۆرینەی پەرلەمانی پێک دەهێنین؛ لە پێگەی ئۆپۆزسیۆنەوە شەڕی مەدەنیانەی خۆمان لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی و ماف و ئازادییەکانی هاونیشتمانیان دەکەین. 

هەروەها دەمانەوێت جەخت لەو پرەنسیپە نەگۆڕەی گۆڕان بکەینەوە؛ تەوریسی سیاسیی و میراتگری حزبی ڕەتدەكەینەوە، پێداگریشین لەسەر دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات چ لە ناو حزب و، چ لەناو سیستەمی حوكمڕانی هەرێم.

دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان ..
گۆڕانخوازانی بە هەڵوێست ..
گۆڕان هێزی خەڵک و دەنگدەرە، دەبێ هەموو بزانین کە دەنگدەر ئایندە و چارەنووسی هەموو حزب و رێکخراوێک دیاری دەکات، بە دیوێکی دیکەدا بێ ڕەوایەتی خەڵک و پشتیوانی دەنگدەرانمان ناتوانین بزوتنەوەی گۆڕان بگێڕینەوە بۆ ئاستی ئەو چاوەڕوانیەی خەڵک لێمان دەخوازێت، هەربۆیە داواتان لێ دەکەین بەتایبەت ئەو سەرکردە و هاوڕێیانەی لە ماوەی ڕابردودا بە هەر هۆکارێک لە هۆکارەکان لێمان دوورکەوتوونەوە، لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان هەلێکی دیکەمان پێبدەن بزوتنەوەکەتان بخەنەوە سەر نەخشەی هێز و کاریگەری لە پرۆسەی سیاسیی هەرێم و عێراقدا.

لە کۆتایدا، دەمانەوێت جارێکی دیکە بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە داوای لێبوردنتان لێبکەین، هەروەک بە متمانەوە ڕوو لە هاووڵاتیان و گۆڕانخوازان دەکەین و داوای پشتیوانیتان لێدەکەین، هیواخوازین لەم چەند ڕۆژەی بەردەستمانە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ئاڵای گۆڕان بشەکێنینەوە، مۆمی گۆڕان بدرەوشێنینەوە، هاوکات کۆششی تەواو بکەین بۆ گێرانەوەی متمانە و توانا و وزەی گۆڕانخوازان بۆ ناو بزوتنەوەکە، بەئامانجی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ بۆ لیستی (١١٤)ی بزوتنەوەی گۆڕان لە بازنەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان، ئەو لیستەی لە ژمارەیەک کاندیدی هەڵکەوتوو و دڵسۆز و خەمخۆر پێکهاتووە، ئومێدمان هەیە بە پشتیوانی خوای گەورە و بە دەنگی خەڵک و ئێوەی بەڕێز بزوتنەوەی گۆڕان بەهێز بکەینەوە و بیخەینەوە سەر شاڕێگەی گۆڕانکاری.


هەواڵی زیاتر