رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان: دەبێت پەلە بکرێت لە کاراکردنى پەرلەمان و پێکهێنانى حکومەت

25/12/2024

D هەواڵ و چالاکی

رێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان لە شارى سلێمانى بۆگەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی سەردانی کڵێسای کریستیانەکانی کرد و بەشداری كرد لە مەراسیمەکانی یادی لەدایکبونی حەزرەتی مەسیح، داواش دەکات حیزبەکانى هەرێمى کوردستان پەلە بکەن لە کاراکردنى پەرلەمان و پێکهێنانى حکومەتى نوێ.

ئەمڕۆ چوارشەممە (25ی12ی2024)، دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان، بە یاوەری شاندێکی بزوتنەوەکە، بە مەبەستی پیرۆزباییکردن لە یادی لەدایکبونی حەزرەتی مەسیح، سەردانی کڵێسای مار یوسفییان کرد لە سلێمانی و لەلایەن قەشە ئەیمەن عەزیز پێشوازییان لێکرا.

وێرایی پیرۆزبایی لە کریستییانەکان رێکخەری گشتیی بزوتنەوەى گۆڕان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هیوادارن ساڵی داهاتو ببێتە ساڵی پێکەوەیی و سەقامگیریی بۆ ناوچەکە، یەکگرتویی کوردی بۆ دۆخی ئێستای هەرێمى کوردستان و رۆژئاواى کوردستانیش بە گرنگ وەسف کرد.

هاوكات بەپێویستی زانی پەلە بکرێت لە کاراکردنى پەرلەمان و پێکهێنانى كابینەی نوێی حکومەت.
لەبارەى پرسى رۆژئاواى کوردستانیشەوە جەختی لە بەیاننامەی بزوتنەوەی گۆڕان كردەوە و وتى: دەبێت هەمو حیزبەکانى رۆژئاواى کوردستان لەپێناو بەرگریکردن لە یەکتر و دۆزی میللەتەكەمان رێککەوتن بکەن و لایەنە سیاسیییەكانی باشروی كوردستانیش پشتیوان و پاڵپشتیان بن


هەواڵی زیاتر