بزوتنەوەی گۆڕان: لەم نەورۆزەدا بە ئومێدی زۆرەوە لە داهاتو دەڕوانین

20/03/2025

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بەبۆنەى هاتنەوەى جەژنى نەورۆز و هاوکات ئازادکردنى شارى کەرکوک، بزوتنەوەى گۆڕان پەیامێکى پیرۆزبایی ئاڕاستەى کوردستانیان دەکات، وێڕاى بەرز نرخاندنى بەرەوپێشچونەکانى پرسى ئاشتى لە تورکیا و تێکۆشانى کوردانى رۆژئاوا، داواش دەکات ناکۆکییە ناوخۆییەکان کۆتایی پێبهێنرێت و ماف و داخوازییە رەواکانی خەڵک لە دابینکردنی ژیانێکی شایسە فەراهەم بکرێت، دامەزراوەی پەرلەمان چالاکانە بخرێتەوە کار و حکومەتێکی دور لە قۆرخکاری و بەرتەسکی حیزبی دابمەزرێت، کە یەکێک لە بنەماکانی چاکسازی سیاسیی و ئیداری و قانونی لەگەڵ دامەزراندنی حوکمڕانیەکی دروستر، کە یەکێک لەپێشینەکانی پاراستنی زمان و کەلتوری کوردی بێت.



دەقى پیرۆزباییەکەى بزوتنەوەى گۆڕان:           
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی (2725) و ئازادکردنی شاری کەرکوک، پیرۆزباییەکی گەرم و شایستە لە هەمو کوردستانیان لە ناوخۆی هەرێم، ناوچە ئیدارییەکانی دەرەوەی هەرێم، باکوری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، رۆژهەڵاتی کوردستان و رەوەندی کوردی دەکەین.

‎جەژنی نەورۆز، وەک هێمای ژیانەوە و یەکبون و بەرخودان لەپێناوی ئازادیدا، بۆنەیەکی گرنگی نەتەوەییمانە، هاوکات دەسپێکی ساڵی نوێی کوردییە کە بەدرێژایی مێژو، وەک سەرەتایەکی نوێی بەهاری بوژانەوە و ژیانەوەی سروشت و شانازی بە بونمان و هیوا بۆ ئایندەمان، وەک نەتەوەیەکی زیندوی جیهان ئاهەنگ دەگێڕین.


لەم بۆنە نەتەوەییەدا، ‎بزوتنەوەی گۆران، وەک هێزێکی سیاسی خاوەن دیدگایی نیشتیمانسازی، تێکۆشانی گەلەکەمان لە پێناو ئازادی و بەدەستهێنانی مافەکانی بەرز و پڕ بەها دەنرخێنێت، بەتایبەتی بەرەوپێشچونەکانی پرسی ئاشتی لە تورکیا، کە ساڵانێکی زۆرە گەلەکەمان لە پێناویدا قوربانی دەدات، ئێستا لەناو گۆڕانکارییە سیاسیەکانی ناوچەکەدا، کورد وەک بەشێک لە چارەسەری ناکۆکی و ململانێ هەرێمایەتیەکان بۆتە فاکتەری ئاشتی و قبوڵکردنی بەیەکەوە ژیانی ئاشتییانە.

هاوکات، تێکۆشانی کوردانی رۆژئاوای کوردستان و گەڕاندنەوەی ئارامی و ئاشتی بۆ ناوچەکانیان، خۆسەلماندنیان وەک نەتەوەیەک کە بەدرێژایی بونی دەوڵەتی بەعسی سوری نکۆڵی لەبونیانکراوە، وەک مژدەی سەرکەوتنێکی تری گەلەکەمان ئاهەنگەکانی نەورۆزی لەناو کورداندا بەجۆشترکردوە.

‎هاونیشتیمانیان ئازیز..
کوردستانیانی دڵ پڕ هیوا..

‎گەلەکەمان لە هەلومەرجی سیاسی ئێستای ناوچەکەدا، بە دۆخی پڕ ئاڵنگاریی و لەهەمانکاتدا بەتێکۆشانێکی نەتەوەییدا تێدەپەڕێت، لە باشوری کوردستانیش سەرەنجامی تێکۆشانی دور و درێژ توانیویەتی دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنێت.

‎ بزوتنەوەی گۆڕان لەم کاتەدا، داواکارە هەرچی زوە ناکۆکییە ناوخۆییەکان کۆتایی پێبهێنرێت و ماف و داخوازییە رەواکانی خەڵک لە دابینکردنی ژیانێکی شایسە فەراهەم بکرێت، دامەزراوەی پەرلەمان چالاکانە بخرێتەوە کار و حکومەتێکی دور لە قۆرخکاری و بەرتەسکی حیزبی دابمەزرێت، کە یەکێک لە بنەماکانی چاکسازی سیاسیی و ئیداری و قانونی لەگەڵ دامەزراندنی حوکمڕانیەکی دروستر، کە یەکێک لەپێشینەکانی پاراستنی زمان و کەلتوری کوردی بێت.

لە کۆتایدا، جگە لە دوپاتکردنەوەی پیرۆزبایی نەورۆز، بەهیوای زۆرەوە لە ئایندە دەڕوانین و بڕوای نەگۆڕمان ئەوەیە؛ بە ئیرادەیەکی نیشتمانی و کۆدەنگی کوردستانی خۆری ئازادی هەڵاتوە و لەگەڵ ئاگری نەورۆز تیشکی روناکی ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەکانمان روناک دەکاتەوە.

‎بزوتنەوەی گۆڕان
20ـى ئازارى 2025


هەواڵی زیاتر