بزوتنەوەی گۆڕان: بە پارێزگابونی هەڵەبجە پیرۆزبێت
14/04/2025
ڕاگەیەندراوی فەرمی
ئەمڕۆ (١٤ی ٤ی ٢٠٢٥)، کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، بە فەرمی هەڵەبجە وەکو (١٩)هەمین پارێزگای عێراق، لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ناسێندرا.
ئەم دەستکەوتە مێژوییە بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان و تەواوی خەڵکی کوردستان، جێگەی دڵخۆشی و ئارامیە، بۆ کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانیش بەشێکە لە ساڕێژکردنی برین و زامەکانیان.
هەر بەم بۆنەیەوە، پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە و پێزانینمان بۆ هەمو فراکسیۆنە کوردستانییەکان و هەمو ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، کە دەنگیان بەو پڕۆژە یاسایەدا.
پێویستە ئەوەش بوترێت، ئەرکی هەردو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵە کاری جدی بکەن بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئەو پارێزگایە و بودجەی پێویستی بۆ تەرخان بکرێت، لەپێناو بوژانەوەی شارەکە و گەشەپێدانی هەمەلایەنەی پارێزگاکە.
بزوتنەوەی گۆڕان
١٤ی نیسانی ٢٠٢٥