بزوتنەوەی گۆڕان: یادی شەهیدانی ٢٤ی ٤ی قەزای پشدەر بەرز ڕادەگرین

24/04/2025

ڕاگەیەندراوی فەرمی

ئەمڕۆ، (٥١) ساڵ بەسەر بۆردومانی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی لە (٢٤ی٤ی١٩٧٤) لەلایەن ڕژێمی بەعسی لەناوچو تێدەپەڕێت، لە هەمانکاتدا یادی پڕشکۆی ڕاپەڕینی (١٩٨٢)ی دانیشتوانی خۆڕاگری ئەم ناوچەیەیە.

لەم بۆنەیەدا، یادی کارەسات و ڕاپەڕین و هەستانەوەی خەڵکی خۆڕاگری قەڵادزێ بەبیردەهێنینەوە، یادەوەری شەهیدان و بریندار و قوربانیانی زانکۆی سلێمانی و هاوڵاتیان و ڕۆژی شەهیدی زانکۆ لە ڕاپەڕینی (٢٤ی٤ی ١٩٨٢) بەرز ڕادەگرین.

لەم یادەوەرییە تاڵەدا، چیرۆکی چۆکدانەدان و وەستانەوە بەرامبەر جەور و ستەمی دەسەڵاتی بەعسی ڕوخاو بە زیندویی ماوەتەوە، بەڵام جێی داخە قەرەبوی قوربانیان و بە پیرەوەهاتنی حکومەتی ئیتحادی و هەرێم بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەیاندنی دەستی خزمەت و خزمەتگوزاریە پێویستەکان بۆ قەزای پشدەر و ناوچە زیانلێکەوتوەکان، وەک پێویست نیە.
ماوەتەوە بوترێ، قەزای پشدەر و خەڵکە قوربانیدەرەکەی پێویستیان بە پارەدارکردنی ئیدارەی ناوچەکە و دامەزراوەکانیەتی بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەک و تەواوکردنی چەند پڕۆژەیەکی دیکە، کە دەکرێت یەکێک لەو میکانیزمانە تەرخانکردنی بەشێک لە داهاتی مەرزی کێلێ بێت بۆ پارەدارکردنی چەند پڕۆژەیەکی پێویست و وەڵامدانەوەی داخوازیەکانی هاونیشتمانیانی قەڵادزێ.

بزوتنەوەی گۆڕان
٢٤ی ٤ی ٢٠٢٥


هەواڵی زیاتر