بزوتنەوەی گۆڕان: بڕیاری ڕاگرتنی موچەی هەرێم، پێشێلی دەستورە
31/05/2025
ڕاگەیەندراوی فەرمی
بڕیاری ڕاگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێم، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی ئیتحادییەوە؛ پێشێلکردنی ئاشکرای دەستوری عێراق و پێنەدانی مافە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە.
ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، سەرەڕای پشتیوانیکردنی مافە سەرەتاییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم، داوا دەکەین، چیتر لەنێوان بەرداشی کێشە سیاسیەکانی حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی هەرێم قوتی خەڵکی کوردستان نەهاڕدرێت.
هاوکات، داوا دەکەین هەر کێشەیەک هەیە؛ پێویستە لەسەر بنچینەی دەستوری عێراقی و یاسا بەرکارەکان چارەسەر بکرێت، نەک بە برسیکردنی چینی مامناوەند و موچەخۆران تەواو بێت.
بزوتنەوەی گۆڕان
٢٩ی ئایاری ٢٠٢٥