پەیامێک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە
22/04/2026
ڕاگەیەندراوی فەرمی
بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بۆ کورد، کە خاوەنی مێژویەکی
پڕ لە قوربانیدان و چەوساندنەوەی نەتەوەییە، لە هەرکات زیاتر پێویستمان بە لێکتێگەیشتنی
هاوبەش و چوارچێوەیەکی کاری سیاسییە بۆ پاراستنی گەلەکەمان و دەستکەوتە دەستوورییەکانمانە.
گۆڕان لە پەیامەكەیدا كە ئەمڕۆ بڵاوی كردەوە داوای
كۆدەنگی نیشتمانی لە لایەنە سیاسیەكان دەكات و دەڵێت: گۆڕان، دوور لە ململانێی تەسک،
دەستی کاری پێکەوەیی بۆ هەموو لایەنە سیاسیەکان درێژ دەکات، ئامانجمانە لەسەر بنەمای
بەرژەوەندیی باڵای کوردستان هەموومان بەیەکەوە ستراتیژێکی نیشتمانی کوردستانی دابڕێژین،
بەیەکەوەبوون و دروستکردنی کۆدەنگیی کوردستانی ئەرک و هەنگاوی لەپێشینەییە، پێچەوانەكەشی
هەرێمی کوردستان و دەستکەتە دەستورییەکان باجی دەدەن".
دەقی پەیامەكە:
پەیامێک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە
هاونیشتمانیانی خۆشەویست..
لە کاتێکدا ناوچەکە و عێراق بە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵنگاری و ئاڵۆزیدا تێدەپەڕن، پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و هەرێمی کوردستان، لە هەر کاتێک زیاتر پێویستی بە تێپەڕاندنی بەرژەوەندییە حیزبیەکان و گەڕانەوەیە بۆ پرەنسیپە نیشتمانییەکان.
دەبینین، گەلانی دەوروبەرمان سەرەڕای جیاوازیی ناوخۆییان؛ خاوەنی گوتارێکی یەکگرتوون. لە عێراقیشدا، پێکهاتە سەرەکیەکان بۆ پاراستنی پێگە و بەرژەوەندییەکانیان یەکیان گرتووە؛ شیعەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگی و سوننەکان لە ئەنجومەنی سیاسیدا بڕیارەکانیان یەکدەخەن، لە بەرامبەردا جێگەی داخە، کە ناوماڵی کورد پەرتەوازەیە.
بۆ کورد، کە خاوەنی مێژویەکی پڕ لە قوربانیدان و چەوساندنەوەی نەتەوەییە، لە هەرکات زیاتر پێویستمان بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش و چوارچێوەیەکی کاری سیاسییە بۆ پاراستنی گەلەکەمان، دەستکەوتە دەستوورییەکانمان، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە چاوەڕوانکراوانەی بەرۆکی ناوچەکەیان گرتووە.
بەداخەوە ئەزمونی گۆڕانکاری و پێشهاتە نوێیەکانی عیراق بەبێ ڕێکەوتنی نێوان لایەنە کوردستانیەکان تێپەڕی، ئەم واقعەش دەرهاویشتەی نەرێنییان بۆ سەر دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان هەبوە و دەبێت.
لەم سۆنگەیەوە و لەسەر بنەمای ئامانجە نیشتمانیەکانی گۆڕان، لە بۆنەیەکی نەتەوەیی و نیشیمانیدا، کە یادی ڕۆژنامەگەری کوردییە، ئەم پەیامە ئاڕاستەی پارتە سیاسیەکان و ڕایگشتی کوردستان دەکەین:
١. دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی ئەرکی لەپێشینەی هەموو لایەنە سیاسییەکانە، لەم چوارچێوەیەدا بانگەوازی کاری پێکەوەیی دەکەین، هیوادارین ئەزموونی پەرتەوازەیی نەگوازرێتەوە بۆ پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی حکومەت و کاراکردنەوەی دامەزراوەی پەرلەمان.
٢. ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورد تەنها بۆ هەرێمی کوردستان گرنگ نیە، بگرە پێویستیەکی بنچینەییە بۆ پشتیوانی دۆزی ڕەوای کوردستان لە پارچەکانی دیکەش. لەم سۆنگەیەوە بانگەوازی ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردی و کاراکردنەوەی دامەزراوە شەرعیەکان دەکەین.
٣. بزوتنەوەی گۆڕان، دوور لە ململانێی تەسک، دەستی کاری پێکەوەیی بۆ هەموو لایەنە سیاسیەکان درێژ دەکات، ئامانجمانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی باڵای کوردستان هەموومان بەیەکەوە ستراتیژێکی نیشتمانی کوردستانی دابڕێژین، کە وەڵامگۆی پێداویستیە سیاسیەکانی ئەم قۆناغە هەستیارە بێت.
٤. بەیەکەوەبوون و دروستکردنی کۆدەنگیی کوردستانی ئەرک و هەنگاوی لەپێشینەییە. بە پێچەوانەوە دابەشبوون بەسەر جەمسەرە عێراقی و هەرێمایەتیەکان، سیاسەتێکی واقعی نیە و لەدواجاردا هەرێمی کوردستان و دەستکەتە دەستورییەکان باجی دەدەن.
بزوتنەوەی گۆڕان
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦