گۆڕان، بانگەوازی کاری پێکەوەیی بۆ دورخستنەوەی مەترسیەکانی شەڕ و قۆستنەوەی دەرفەت دەکات
17/06/2025
ڕاگەیەندراوی فەرمی
گۆڕان، بانگەوازی کاری پێکەوەیی بۆ دورخستنەوەی مەترسیەکانی شەڕ و قۆستنەوەی دەرفەت دەکات و لەم چوارچێوەیەدا، دورخستنەوەی مەترسیەکان و پاراستنی خاک و خەڵک و جوگرافیای خۆمان لە شەڕ و ماڵوێڕانی؛ ئەرکی لە پێشینەی دامەزراوە سیاسیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانە، بەتایبەت بەرپرسیارێتی پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانە، لە بری بێدەنگی و چونە سوڕی متبونەوە؛ بەیەکەوە و بە یەکگرتویی، بە گوتارێکی نیشتمانی و سیاسیی هاوسەنگ و بێلایەن؛ هەڵوێست و ڕوانگەی خۆمان دابڕێژینەوە و مەترسیەکان بە هەلی هێنانەدی ئامانجە باڵا نەتەوەییەکانمان بگۆڕین.
دەقی راگەیەیەندراوەكە:
چەند ڕۆژێکە، بەهۆی هێرشی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، ناوچەکە بە بارگرژیی شەڕ و ناسەقامگیری سیاسییدا تێدەپەڕێت. بەشێوەیەک، ئەم شەڕە، کە درێژکردنەوەی ململانێی دەوڵەتە زلهێزەکانە لەسەر داڕشتنەوەی جوگرافیای سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ کاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی خۆی، بەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستاندا جێدەهێڵێت.
لەم چوارچێوەیەدا، دورخستنەوەی مەترسیەکان و پاراستنی خاک و خەڵک و جوگرافیای خۆمان لە شەڕ و ماڵوێڕانی؛ ئەرکی لە پێشینەی دامەزراوە سیاسیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانە، بەتایبەت بەرپرسیارێتی پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانە، لە بری بێدەنگی و چونە سوڕی متبونەوە؛ بەیەکەوە و بە یەکگرتویی، بە گوتارێکی نیشتمانی و سیاسیی هاوسەنگ و بێلایەن؛ هەڵوێست و ڕوانگەی خۆمان دابڕێژینەوە و مەترسیەکان بە هەلی هێنانەدی ئامانجە باڵا نەتەوەییەکانمان بگۆڕین.
لەم ڕوانگەیەوە، بانگەواز دەکەین، بە پەند وەرگرتن لەمێژوی دور و نزیکی خۆمان، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و خەباتی پارچەکانی دیکەی کوردستان، ژیرانە مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجامەکانی ئەم بارودۆخە مەترسیدار و دژوارە بکەین، بەتایبەت و لە هیچ بارودۆخێکدا، وەک ئامرازێکی فشاری کاتی و بەشێک لە لاسەنگی سیاسیی بەکارنەهێندرێین، بەڵکو بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەمان و ڕێزگرتن لە پەیوەندی و تایبەتمەندی وڵاتانی دراوسێ و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان و گفتوگۆ، بکەینە سەر مەشقی خەباتی ئەم قۆناغە سیاسیەی خۆمان.
لەناوخۆی هەرێمی کوردستانیش، پێویستمان بە ستراتیجێکی نیشتمانی و کۆدەنگی و هەماهەنگی نێوان پارتەکان و دامەزراوە دەستورییەکان هەیە، بەشێوەیەک سەرکردە و حیزب و دامەزراوەکان، بە پلانکارێکەوە ڕوبەڕووی ئاڵنگاری و دەرفەت و مەترسییەکانی ناوچەکە ببینەوە و، ئەرکی لەپێشینەمان کاراکردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهینانی کابینەی دەهەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت.
کاراکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەت، تا ئەندازەیەکی باش خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە ناهەموارە و دانوستان لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی عێراق دەکات، بە ئامانجی تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم، کە بەداخەوە بەهۆی بڕیارێکی نادەستوری وەزارەتی دارایی عێراق، دەست بەسەر موچەی فەرمانبەراندا گیراوە.
ماوەتەوە بڵێین، کورد ئەزمونی کارەساتباری لە ناو جەنگ و ماڵوێرانیدا هەیە، ئێستاش شەڕێکی نوێ بەرۆکی ناوچەکە و بەر دەرگامانی گرتوە، بێلایەنی و هاوسەنگی و داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ فشارکردن بە ئاراستەی چەسپاندنی ئاشتی و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان باشترین بژاردە و میکانیزمی سیاسیە، چونکە شەڕ و جەنگ؛ جگە لە ماڵوێرانی هیچی دیکە بەدوای خۆیدا ناهێنێت، ئێمەش پێویستمان بە قۆستنەوەی دەرفەتەکانە، کە بە یەکگرتویی دەتوانین نەتەوەکەمان لە کەناری ئارام نزیک بکەینەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان
١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٥