دانا ئەحمەد مەجید لەگەڵ کونسوڵی گشتی چین کۆبووەوە

11/09/2025

D هەواڵ و چالاکی

ئەمڕۆ پێنجشەمە (١١ی ئەیلولی ٢٠٢٥)، دانا ئەحمەد مەجید رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان، لیو جیون لە شاری هەولێر کۆبووەوە.

سیڤان کوردۆ قاسم، ئەندامی ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسیەکان، ڕایگەیاند: لە کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەسەر دۆخی سیاسی، ئاسایش، گەشەسەندنی ئابوری و پێشکەوتنە بەردەوامەکان کرا. لەو چوارچێوەیەدا، بەهێزکردنی پەیوەندیەکان لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم لەگەڵ حکومەتی چین، بە ئامانجی پێشخستنی کەرتە جیاوازەکان و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابوری عێراق و هەرێمی کوردستان، بەسود وەرگرتن لە ئەزمونی پێشکەوتوی چین، هەڵوەستەی لەسەر کرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، کونسوڵی گشتی چین، بە بایەخەوە باسی لە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان کردوە، هیوای خواستوە هەمو لایەک هاوکاربن بۆ هێنانەدی سەقامگیری سیاسیی و زاڵبون بەسەر ئاریشە سیاسیەکان. لای خۆشیەوە، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، کاریگەری ئەرێنی چینی لە پرۆسەی سیاسیی و بیناکردنەوە و کەرتەکانی ئابوری و بازرگانی و گەشەپێدانی مرۆیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان خستەڕو و، داوای کرد هەماهەمگی و پەیوەندیەکان زیاتر بکرێن، کە ئەمەش لە بەرژەوەندی هاوبەش و کرانەوەی زیاتری گەشەپێدانی سیاسیی و ئابوری و بازرگانی و تەکنەلۆژی و سامانی مرۆییە.


هەواڵی زیاتر