دانا ئەحمەد مەجید لە هەولێرەوە: گۆڕانخوازان سەلماندیان نەك گۆڕان ماوە، بەڵكو بەرەو بەهێزبوونەوە هەنگاو دەنێت
08/10/2025
D هەواڵ و چالاکی
لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردەكانی دیداری
گۆڕاخوازان كە رۆژی (20ی ئەیلول 2025) بەڕێوەچوو، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە
(8ی10ی2025)، دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ نزیکبونەوەی
زیاتر و کۆبونەوە لەگەڵ خەڵك و هەڵسوڕاوان، سەردانی هەولێری کرد و لەلایەن
ژمارەیەكی بەرچاوی هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانەوە پێشوازیان لێكرا.
لە
كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ هەڵسوڕاوانی سنوری پارێزگای هەولێر، دانا ئەحمەد مەجید، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ستایشی بەشداری كارای هەڵسوڕاوانی
كرد لە دیداری گۆڕانخوازان و رایگەیاند: گۆڕانخوازان سەلماندیان نەك گۆڕان ماوە،
بەڵكو بەرەو بەهێزبوونەوە هەنگاو دەنێت، ئەوەش ئەركێكی گەورەی خستووەتە ئەستۆمان
كە چۆنیەتی خۆ رێكخسنتنەوە و بەهێزكردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و كارەكانیەتی.
وتیشی: ئێمە بۆ جێبەجێكردنی راسپاردەكانی دیداری
گۆڕانخوازان هاتوین و لیژنەكان دەستبەكاربوون و رۆژ بە رۆژ كارەكانمان باشتر
دەكەین.
ئاماژەی بەوەشكرد كە بیر و بۆچوونی تەواوی گۆڕانخوازان و
ئۆرگانەكان وەردەگرن بۆ قۆناغی نوێ و روبەڕووبونەوەی ئاڵنگاریەكان و دروستكردنی
بڕیاری سیاسی و وتیشی: زۆرخۆشحاڵین كە دەبینم گۆڕانخوازان و خەڵكی رۆشنبیر و
نیشتمانپەروەر بەتەنگ پڕۆژەی گۆڕانەوەن و بێ بەرژەوەندی و ویستی كەسی دەیانەوێت
بزوتنەوەكەیان بەهێز بكەنەوە ئەوەیە وایكردوە كە بمانەوێت لە بنكەی جەماوەریمانەوە
بڕیاری سیاسی دروست بكەین، بۆئەوەی بڕیارەكانمان رەنگدانەوەی خواستی تەواوی
هەڵسوڕاوان و خەڵكی كوردستان بێت.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا هەڵسوڕاوانی ئامادەبوو سەرنج و
بۆچوون و پێشنیازەكانیان خستەڕو، جەختیشیان كردەوە كە هەموو هەوڵ و توانیان بەبەهێزكردنەوەی
بزوتنەوەكە و جێبەجێكردنی بەرنامەی گۆڕان دەخەنەگەڕ.