بزوتنەوەی گۆڕان: گەلەکۆمەکێ شکست دەخوات و کورد دەمێنتەوە

20/01/2026

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بزوتنەوەی گۆڕان بە توندی ئیدانەی هێرشە دڕندانەکانی هێزەکانی بەناو حکومەتی دیمەشق و گروپە هاوپەیمانەکانی دەکات بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان (ڕۆژاڤا). 

دەرئەنجامی ئەم هێرشانە کوشتوبڕی بێ ویژدانانە، ئاوارەکردنی بەکۆمەڵ و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ بەرامبەر بە کوردانی سڤیل و بێتاوانی لێکەوتووەتەوە.

ئێمە نیگەرانی قووڵی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بەو پێشێلکارییە بەردەوامانەی کە ئاراستەی ژیان و مافی گەلی کورد دەکرێن لەو ناوچانەدا، و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، کە بێدەنگی بشکێنن و بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەم شاڵاوە خوێناوییە.

هاوکات، بانگەواز بۆ یەکڕیزیی نیشتمانی
لەم ساتەوەختە هەستیارەدا، کە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووەتەوە، بانگەوازێکی بەپەلە ئاراستەی یەکێتی پێکەوەی کورد لە هەرێمی کوردستان، هەمو پارچەکانی کوردستان و ڕەوەندی کوردی دەکەین.

ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارە، کاریگەری ڕاستەوخۆ بەسەر ئەزمونی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا جێدەهێڵێت، لەبەرئەوە پێویستە هەمومان لە یەک سەنگەردا بین و هێزی سیاسی، مەعنەوی، میدیایی، دیبلۆماسی و فشارە جەماوەرییەکان یەکبخەین بۆئەوەی ڕۆژئاوای کوردستان نەکەوێت و دەستکەوتەکانی بپارێزرێت، لە کۆتایدا یەکڕیزیی گەلەکەمان تاکە زامنی سەرکەوتنە بەسەر پیلانگێڕییەکاندا.

لەم کاتە هەستیارەدا، چەند بنەما نیشتمانی بە بیردەهێنینەوە:

یەکەم. جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکەینەوە، کە بێ ژیانێکی ئاشتی و ئارامیی بۆ کورد؛ ناوچەکە ئارام نابێت. مافی گەلی کورد بۆ ژیانێکی سەربەرزانە و ئارام، کلیلە بۆ سەقامگیریی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دوەم. ئەو دەستکەوتە نەتەوەییانەی کە بە خوێنی ڕۆڵە قارەمانەکانمان بەدەستهاتوون، ئەبێ بپارێزرێن و قوربانییەکانی گەلەکەمان بە فیڕۆ نەچێت.

سێهەم. دڵنیاین کە گەلەکۆمەکی و پیلانگێڕییەکان دژی گەلەکەمان شکست دەخۆن و ئیرادەی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا بەسەر هەموو زۆردارییەکدا سەردەکەوێت.

دەبا سەرکەوێ خەباتی بە خوێن ئاودراوی گەلی کورد لە پێناو ئاشتی و ئازادی.

بزوتنەوەی گۆڕان
٢٠ی کانونی دوەمی ٢٠٢٦


هەواڵی زیاتر