گۆڕان: یادی ڕاپەڕین، کاتی یەکڕیزی ناوخۆیی و نەتەوەییە
04/03/2026
ڕاگەیەندراوی فەرمی
بزووتنەوەی گۆڕان لە یادی ٣٥ ساڵەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستاندا، پەیامێکی بڵاو کردەوەو هۆشداری لە تێکچوونی متمانەی سیاسی دەدات و ڕایدەگەیەنێت؛ لە ئێستادا مەترسی و هەڕەشەکان لە دەرفەتەکان زیاترن، بۆیە تەنیا بە یەکڕیزیی نەتەوەیی و چاکسازیی ناوخۆیی و گوتارێکی هاوبەش دەتوانرێت پارێزگاری لە قەوارەی هەرێم و مافە دەستوورییەکان بکرێت.
دەقی ڕاگەیەندراوەكە:
هاونیشتمانیانی خۆشەویست..
لە یادی (٣٥)هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستاندا، کە لە (٥ی ئازاری ١٩٩١) لە ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕینەوە بڵێسەی سەند و لە شاری کەرکوک تاجی ئازادی کەرکوک لەسەرنا، بەوپەڕی شکۆوە یادی شەهیدان بەرز ڕادەگرین، کە بە خوێنی گەشیان، هاوشانی خەڵکی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە و ڕێکخستنەکان، بناغەی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستانیان دامەزراند.
ڕاپەڕین تەنها وەڵامێک نەبو بۆ زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس، بەڵکو گوزارشت بو لە ئیرادەیەکی گەلێکی مەزن، کە بە هیوا و ئومێدێکی گەورە لە ئاسۆی کوردستانی ڕوانی. بەداخەوە، وێڕای بونی هەرێمێکی دەستوریی، پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی دەرگیری کۆمەڵێک کێشەی بونیادی و قەیرانی قوڵە.
متمانەی سیاسی، کە ڕۆحی هەر سیستمێکی دیموکراسییە، لە نێوان هاوڵاتیان و هێزە سیاسییەکان و لەنێوان خودی حزبەکان و دامەزراوەکانی حوکمڕانیدا، گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار، نەبونی دامەزراوەی نیشتمانیی یەکگرتو و بەهێز، لاوازیی سەروەریی یاسا وایکردووە؛ هەرێمەکەمان لەبەردەم ئاڵنگاریی گەورەدا بێت.
هەربۆیە، لە ئێستادا، مەترسی و هەڕەشەکان لە دەرفەت و دەستکەوتەکان زیاترن؛ جەختدەکەینەوە بەهێزیی ئێمە لە یەکڕیزی نەتەوەیی و چاکسازیی ناوخۆیدایە، پێویستە هەمو لایەنەکان بەرژەوەندییە حزبییەکان وەلا بنێن و کار بۆ بەنیشتمانیکردنی دامەزراوەکان، بەتایبەتی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، کاراکردنەوەی پەرلەمان و دامەزراوە شەرعیەکان بکەین.
لە کۆتایدا، بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵۆزی و شەڕەوە، لە هەرکات زیاتر پێویستمان بە گوتارێکی هاوبەش و یەکگرتوە، چونکە پەرتەوازەیی سیاسیی، پێگەی هەرێمی کوردستان و کورد لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە لاواز دەکات و دەرفەتەکانمان لەدەست دەدات، هەربۆیە تەنها بە گوتارێکی نیشتمانیی یەکگرتو دەتوانین پارێزگاری لە مافە دەستورییەکان بکەین و، وەک ئەکتەرێکی کاریگەر لە داڕشتنی داهاتووی ناوچەکەدا جێگە بگرین.
بزوتنەوەی گۆڕان
٤ی ئازاری ٢٠٢٦