گۆڕان جەژنەکانی ڕەمەزان و نەورۆز و ئازادکردنی کەرکوک پیرۆز دەکات

19/03/2026

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بزووتنەوەی گۆڕان، بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزان، نەورۆز و ساڵیادی ئازادکردنی شاری کەرکوک، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە پێویستیی یەکخستنی گوتاری سیاسیی لایەنەکان دەکاتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە. بزووتنەوەکە ڕایگەیاندووە، "ئەم سەدەیە، سەدەی سەرکەوتن و گەیشتنە بە ئامانجە نیشتمانییەکان، بەڵام ئەمە تەنها بە کۆدەنگی و یەکڕیزیی سیاسی بەدی دێت."

بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە ئاڵۆزیدا تێدەپەڕێت، هەر بۆیە داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان کردووە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل کار بۆ دروستکردنی یەکڕیزییەکی نیشتمانی بکەن. گۆڕان ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە مەبەستی خزمەتکردن بە دۆزی کورد.

لە بەشێکی تری پەیامەکەدا، بزووتنەوەکە پێنج خاڵی سەرەکی وەک کارنامەی کارکردن دەستنیشان کردووە، کە تێیدا جەخت لە دابینکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەکاتەوە. هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، پاراستنی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی، و کاراکردنی کایەی دیپلۆماسی کردووە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی لەبەردەم ئەو گۆڕانکارییە نەخشەییەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو بدات.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە

گۆڕان جەژنەکانی ڕەمەزان و نەورۆز و ئازادکردنی کەرکوک پیرۆز دەکات

مسوڵمانانی کورد..
هاونیشتمانیانی کوردستان..

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆز و سی و پێنجەمین ساڵیادی سەرکەوتنی ڕاپەڕین و ئازادکردنی شاری کەرکوک، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی جیهان بە گشتی و موسڵمانانی کوردستان بە تایبەتی دەکەین. هەروەها پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەکەین، هیوای خۆشی و شادی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لە جەژنەکانی نەورۆز و ئازادکردنی شاری کەرکوکدا.

ئەم بۆنە پیرۆزانە، کە سێ وێستگەی گرنگی ئایینی و نەتەوەیین لە مێژوی گەلەکەماندا، دەرفەتێکن بۆ نوێکردنەوەی پەیمان و بەهێزکردنی گیانی پێکەوەژیان و یەکڕیزی، لە کاتێکدا ناوچەکەمان بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە شەڕ و ئاڵۆزی تێدەپەڕێت، پێویستە زیاتر لە هەر کاتێک گرنگی بە کاری پێکەوەیی بدەین، چونکە یەکڕیزی و تەبایی گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکانمانن.

 خوشک و برایان..

ئەگەر سەدەی بیستەم، سەدەی جینۆساید و کیمیاباران و نکۆڵیکردن بوو لە مافە نەتەوەییەکان و ناسنامەی نیشتمانی؛ ئەوا ئەم سەدەیە، سەدەی سەرکەوتن و گەیشتنە بە ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەکانمان، بەڵام ئەم سەرکەوتنە بە پێشمەرجی کۆدەنگی نیشتمانی و یەکخستنی گوتاری سیاسی و دیپلۆماسی بەدی دێت، هەربۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان، کار بۆ دروستکردنی یەکڕیزییەکی نیشتمانی و خۆئامادەکردن بۆ ئەگەر و پێشهاتە سیاسیەکان بکەن.
ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، دەستی هاوکاری و باشترین پەیوەندی سیاسیی بۆ هەموو لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕادەکێشین، لەسەر ئاستی دۆزی کوردیش ئامادەی هەر خزمەتێکین پێشکەش بە پێشکەوتنی پرسی کورد لەناوچەکەی بکەین، هاوکاتیش جەخت لەسەر چەند خاڵێک دەکەینەوە:

یەکەم/ یەکڕیزی نیشتمانی، بنەمای سەرەکی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و پاراستنی دەستکەوتەکان.
دووەم/ پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پاراستنی فرەڕەنگی ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی لە کوردستاندا.
سێیەم/ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان، بەتایبەت دابینکردنی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم بەپێی رێککەوتن و لەسەر بنەمای دەستور لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی.
چوارەم/ کاراکردنی کایەی دیپلۆماسی و بەهێزکردنی پێگەی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بەدەستهێنانی پشتیوانی جیهانی.
پێنجەم/ پێشهاتە سیاسیەکان نیشاندەری گۆڕانکارین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستە پێکەوە خۆمان بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ناوچەکە ئامادە بکەین.

لە کۆتاییدا، دوبارە پیرۆزبایی ئەم بۆنە ئاینی و نەتەوەییە لە هەموو لایەک دەکەین و هیوادارین ئەم جەژنانە ببنە مایەی خێر و خۆشی و ئاشتی و ئارامی بۆ گەلەکەمان و سەرجەم مرۆڤایەتی.

بزوتنەوەی گۆڕان


هەواڵی زیاتر