گۆڕان سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە دەکات
24/03/2026
ڕاگەیەندراوی فەرمی
گۆڕان سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە دەکات
هاونیشتمانیانی کوردستان..
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان..
بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە موشەکی و درۆنییە ناڕەوایە دەکەین، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی لە سنوری قەزای خەلیفان کردە ئامانج و بوەهۆی شەهیدبونی شەش پێشمەرگە و برینداربونی ژمارەیەک لە پارێزەرانی نیشتمان.
وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و هیوای چاکبونەوە بۆ بریندارەکان، جەخت دەکەینەوە، کە هەرێمی کوردستان پەیڕەوی سیاسەتی ئاشتخوازانەی کردوە و نەبوە بەشێک لە ئاڵۆزی و ململانێکان. هەربۆیە داوا لە حکومەتی فیدراڵ و نوێنەرانی کورد لە دامەزراوە فیدڕاڵیەکان دەکەین، بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان لە پاراستنی سەروەریی خاکی هەرێم و، گیانی هاوڵاتیان و هێزەکان لە ئەستۆ بگرن و سنورێک بۆ ئەو دەستدرێژیانە دابندرێت.
بۆ ناوخۆیی هەرێمی کوردستانیش، ئەم پەرەسەندنە پێویستە بە یەکگرتویی و یەکگوتاری هێزە سیاسیەکان و ئامادەکاری زیاتر هەیە بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی کوردستانی و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هاوسەنگ و ڕەوا.
بزوتنەوەی گۆڕان
٢٤ی ئازاری ٢٠٢٦