ڕایەڵەی مامۆستایانی گۆڕان: دەسپێکردنەوەی دەوامی ناو پۆل تاکە بژاردەی زانستی و نیشتمانییە
27/03/2026
ڕاگەیەندراوی فەرمی
ڕایەڵەی مامۆستایانی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی خۆی
لەبارەی بژاردەكانی بەردەم وەزارەتی پەروەردە لەبارەی خوێندن ڕادەگەیەنێت و دەڵێت:
ئەم شەڕە نەگریسانەی بەرۆکی ناوچەکەیان گرتووە، تەنها جەنگی چەک نین، بەڵکو جەنگێکن
دژی مێشک و ئاییندەی نەوەکانمان و ئێمە ناتوانین ڕێگە بدەین جەنگ ببێتە هۆکار بۆ کوژانەوەی
چرای زانست لە ناو قوتابخانەکان.
ڕایەڵەی مامۆستایانی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە
بەوە دەكات لەو سێ بژاردەیەی لەبەردەم وەزارەتی پەروەردەدایە بۆ بڕیاردان، "بژاردەی
دەسپێکردنەوەی دەوامی ناو پۆل تاکە بژاردەی زانستی و نیشتمانییە".
لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت: گەڕانەوە بۆ ناو هۆڵەکانی خوێندن مەرجدارە
بە پاراستنی شکۆی مامۆستا نابێت بە بیانووی شەڕ و قەیرانەکان، مافە سەرەتاییەکانی مامۆستایان
فەرامۆش بکرێت، چونكە مامۆستایەک کە بژێویی ژیانی دابین نەبێت، ناتوانێت لە ناو پۆڵدا
بەرگری لە مێشک و بیری قوتابیان بکات".
دەقی ڕاگەیەندراوەكە:
ڕاگەیەندراوێک لە ڕایەڵەی مامۆستایانی بزووتنەوەی
گۆڕانەوە
وەزارەتی پەروەردەلە نێوان بەرداشی شەڕ و قەیرانی خوێندندا،
لە کاتێکدا ناوچەکەمان لەژێر سێبەری شوومی شەڕێکی
نەگریس و ماڵوێرانکەردایە، کە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئاییندەی گەلەکەمان، کەرتی
پەروەردەش لە ناوخۆدا ڕووبەڕووی قەیرانێکی بێ وێنە بووەتەوە. ئێمە وەک ڕایەڵەی مامۆستایانی
بزووتنەوەی گۆڕان، دوای هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ ئەو سێ بژاردەیەی کە بڕیارە ڕۆژی شەممە
٢٨ی ئازار لە کۆبوونەوەی وەزارەتدا یەکلایی بکرێنەوە، هەڵوێستی خۆمان بەم شێوەیە ڕادەگەیەنین:
١. شەڕ و پاشەکشەی خوێندن:
ئەم شەڕە نەگریسانەی بەرۆکی ناوچەکەیان گرتووە، تەنها جەنگی
چەک نین، بەڵکو جەنگێکن دژی مێشک و ئاییندەی نەوەکانمان. هەروەها ئێمە ناتوانین ڕێگە
بدەین جەنگ ببێتە هۆکار بۆ کوژانەوەی چرای زانست لە ناو قوتابخانەکان..
٢. شیکردنەوەی سێ بژاردەکەی وەزارەت:
* بژاردەی درێژکردنەوەی پشوو: ئەمە
بژاردەی دەستەوەستانە و خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی. درێژکردنەوەی پشوو واتا کوشتنی
کات و توانای زانستیی نەوەکانمان؛ بۆیە بە توندی ڕەدی دەکەینەوە.
* بژاردەی خوێندنی ئۆنلاین: لە ژینگەیەکدا
کە کارەبا و ئینتەرنێت لە ئاستی پێویستدا نییە، ئەم بژاردەیە تەنها خۆخەڵەتاندنە و
جیاوازیی چینایەتی قووڵتر دەکاتەوە. منداڵی هەژار ناتوانێت وەک منداڵی دەوڵەمەند سوودمەند
بێت، ئەمەش دژی دادپەروەرییە.
* بژاردەی دەسپێکردنەوەی دەوامی
ناو پۆل: ئەمە تاکە بژاردەی زانستی و نیشتمانییە. قوتابخانە دەبێت ببێتە ئەو پەناگە
ئارامەی کە قوتابی تێیدا لە هەواڵی ناخۆشی شەڕ و دڵەڕاوکێ دوور بخرێتەوە.
٣. بژێویی مامۆستا و ئاسایشی پەروەردەیی:
گەڕانەوە بۆ ناو هۆڵەکانی خوێندن مەرجدارە بە پاراستنی شکۆی
مامۆستا حکومەتی هەرێم ناتوانێت بە بیانووی شەڕ و قەیرانەکان، مافە سەرەتاییەکانی مامۆستایان
فەرامۆش بکات. مامۆستایەک کە بژێویی ژیانی دابین نەبێت، ناتوانێت لە ناو پۆڵدا بەرگری
لە مێشک و بیری قوتابیان بکات.
ڕایەڵەی مامۆستایانی بزووتنەوەی گۆڕان
٢٧ی ئازاری ٢٠٢٦ بژاردەی زانستی و نیشتمانییە