گۆڕان: بە بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری كرێكاران سودمەند دەبن

01/05/2019

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بزوتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی رۆژی جیهانی كرێكارانەوە پیرۆزبایی لە كرێكارانی هەرێم و جیهان دەكات و داوادەكات؛ بە زوترین كات كابینەی نوێ پێكبێت و ژێرخانی ئابوری هەرێم ببوژێتەوە بۆ ئەوەی كرێكاران سودمەند بن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (1/5/2019)، بزوتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی رۆژی جیهانیی كرێكارانەوە راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا سەربارى پیرۆزبایی لە كرێكارانی كوردستان هاتوە؛ یەكی ئایار سیمبولی داكۆكیكردنە لە ماف و خواستەكانی كرێكاران، وەك چینێكی زیندوی كۆمەڵگە و دەست و بازوی ئاوەدانیی و بەرهەمهێن، كرێكاران هەمیشەڕۆڵی كاریگەر لە بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی كوردستاندا دەبینن.

لە راگەیەندراوەکەدا جەختکراوەتەوە لەوەى کە گۆڕان، بە گرنگییەوە لە رۆڵی كرێكاران دەڕوانێت و كار بۆ دەستەبەركردنی ماف و خواستەكانیان دەكات و  داواش لە حكومەت و كەرتی تایبەت  دەكات رەچاوی زیاتری ماف و داخوازییەكانی كرێكار بكەن و خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لەبەردەم پێداویستییەكانی كرێكاران.

بزوتنەوەی گۆران داواى ئەوەش دەکات پەلە بكرێت لە پێكهێنانی كابینەی نوێى حكومەت و چیتر دوانەخرێت، لە پێناو ئەنجامدانی چاكسازی و بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێم، بەشێوەیەك كە كرێكاران سومەندی سەرەكی بن.

دەقى راگەیەندراوەکە:
بەبۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکارانەوە، پیرۆزبایی گەرم لە کرێکارانی کوردستان و جیهان دەکەین. یەکی ئایار سمبولی داکۆکیکردنە لە ماف و خواستەکانی کرێکاران، وەک چینێکی زیندوی کۆمەڵگە و دەست و بازووی ئاوەدانیی و بەرهەمهێن.

کرێکاران هەمیشە رۆڵی کاریگەر لە بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی کوردستاندا دەبینن. بزوتنەوەی گۆڕان، بە گرنگییەوە لە ڕۆڵ و پێگەی کرێکاران دەڕوانێت، کار بۆ دەستەبەرکردنی ماف و خواستەکانیان و باشترکردنی گوزەران و رەخساندنی زیاتری دەرفەتی کاریان بۆ دەکات. داواکارین لە حکومەت و کەرتی تایبەت، رەچاوی زیاتری ماف و داخوازییەکانی کرێکار بکەن و خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لەبەردەم پێداویستییەکانی کرێکاران و فەراهەمکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و ڕەخساندنی کەش و ژینگەی کار لە ئاستێکی شیاوی سەردەمیانەدا. لەم بۆنەیەدا، داواکارین پەلە بکرێت لەپێکهاێنانی کابینەی نوێ حکومەت و چی تر دوانەخرێت، لە پێناو ئەنجامدانی چاکسازی و بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێم، بەشێوەیەک کە کرێکاران سومەندی سەرەکی بن. پیرۆز بێت یەکی ئایار، رۆژی جیهانیی کرێکاران.

بزوتنەوەی گۆڕان
01/05/2019


هەواڵی زیاتر