بزوتنەوەی گۆڕان: جەژن بکەینە وێستگەیەک بۆ نوێکردنەوەی لێکتێگەیشتن و کاری پێکەوەیی
26/05/2026
ڕاگەیەندراوی فەرمی
بزوتنەوەی گۆڕان، بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانەوە پەیامێکی پێرۆزبایی ئاڕاستەی هاونیشتمانیان و مسوڵمانان دەكات و تێیدا جەخت لە پێویستیی وەلانانی ململانێ سیاسییەکان و گەڕانەوە بۆ یەکڕیزیی نیشتمانی دەکاتەوە، هاوکات پشتیوانیی خۆشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان لەڕێگەی گفتوگۆوە دووپات دەکاتەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە: لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، گەورەترین بەرپرسیارێتیی قۆناغەکە بریتییە لە وەلانانی ململانێی حیزبی و سیاسی، هەروەها هەنگاونان بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوە نیشتمانییەکان بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی شایستە بە هاونیشتمانیان.
جەژنتان پیرۆز بێت..
هاونیشتمانیانی بەڕێز..
مسوڵمانانی خۆشەویست..
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم مسوڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکەین. هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر، خۆشی و سەقامگیری بۆ هەموو لایەک، بەتایبەتی پیرۆزبایی لە حاجیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەین، لە خوا داواکارین فەریزەی حەج و نزاکانیان قبوڵ بکات و بە سەلامەتی و تەندروستییەکی باشەوە بگەڕێنەوە ناو خێزان و کەسوکاریان.
جەژنی قوربان هەڵگری پەیامە باڵاکانی قوربانیدان، لێبوردەیی و ئاشتەواییە، ئەم تایبەتمەندییە پیرۆزە بەرپرسیارێتی دەخاتە سەر شانی هەموان، کە ئەم بۆنەیە بکەینە وێستگەیەک بۆ نوێکردنەوەی گیانی برایەتی و لێکتێگەیشتن و کاری پێکەوەیی.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، گەورەترین بەرپرسیارێتیی نیشتمانیمان وەلانانی ململانێ سیاسیی و حیزبی و گەڕانەوەیە بۆ یەکگرتویی و یەکدەنگیی نیشتمانی، بەشێوەیەک هەموان هەنگاو بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوە نیشتمانییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری شایستە بۆ هاونیشتمانیان بنێین.
لەسەر ئاستی عێراق، دووپاتی دەکەینەوە، کە ئارامی و سەقامگیریی وڵات تەنها بە هاوبەشیی ڕاستەقینە و جێبەجێکردنی دەستور دێتەدی، ئێمە بە تەواوی پشتیوانی لە لێکتێگەیشتنەکان و گفتوگۆی بەردەوامی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان. بەتایبەت پرسی موچە و دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان.
لە کۆتاییدا، هیوای جەژنێکی پڕ لە ئارامی و ئاشتی بۆ تەواوی هاونیشتمانیان دەخوازین. خوای گەورە کوردستان و گەلەکەی پارێزراو بکات.
بزوتنەوەی گۆڕان
٢٦ی ٥ی ٢٠٢٦