گۆڕان بۆ یادی دامەزراندنی پارتی: هەموان پشتگیری دامەزراوە نیشتمانیەکان بکەین بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی

17/08/2019

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بزوتنەوەی گۆڕان لە یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا پەیامێک ئاراستەی ئەو حیزبە دەکات و وێڕای پیرۆزبایی کردن رایدەگەیەنێت؛ بەگرنگی دەزانین پارتی و هەمو لایەنەکان پشتگیری دامەزراوە نیشتمانیەکان بکەن بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و بەڕێوەبردنی کوردستان بەشێوازێکی تەندروست.

دەقی پەیامەکە
بەڕێز/ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەڕێزان/ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی
بەڕێزان/ ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی

بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، پیرۆزباییەکی گەرم  لە بەڕێزتان و سەرجەم ئەندامانی پارتی دەکەین و هیوادارین سەرکەوتووبن لەبەدیھێنانی ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەکان و دەستەبەرکردنی سەقامگیری و یەکڕیزی راستەقینەو دوورخستنەوەی کوردستان لە ململانێی ناوچەیی، بەتایبەت مەترسی شەڕی ناوخۆ.

بەگرنگی دەزانین پارتی دیموکراتی کوردستان و هەموو لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان پشتگیری پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و تەواوی دامەزراوە نیشتمانیەکان بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەڕێوەبردنی کوردستان بەشێوازێکی تەندرووست لەپێناوی پاراستنی سەروماڵی هاونیشتیمانیان و مسۆگەرکردنی دادی کۆمەڵایەتی و ژیان و گوزەرانیان.

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان بەتایبەت کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، بەرپرسیارێتی هەموو لایەنەکانی کوردستانە پێکەوە درێژە بە خەبات و تێکۆشانی ئاشتیانە بدەن بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسی و ئەمنی و کارگێڕی ئەو ناوچانە بەهاوکاری و هەماهەنگی حکومەتی فیدراڵ و ھەموو ئەو لایەنانەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە.

بزووتنەوەی گۆڕان
١٦/٨/٢٠١٩


هەواڵی زیاتر