خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان راگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە

17/09/2019

ڕاگەیەندراوی فەرمی

خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان ئامادەکاری بۆ هەردو پرۆسەی کۆنفرانسی نیشتیمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆیەکان دەکات و ئەوەش دەخاتەڕو کە بەهەمو توانایەوە پشتگیری نوێنەرانی بزوتنەوەکە دەکات لە کابینەی حکومەت و دەسەڵاتی خۆجێی، هاوکات جەخت دەکاتەوە لەسەر واڵاکردنی هەمو دەرگاکان بە روى هەمو ئەو هەڵسوڕاوە دڵسۆزانەی گۆڕان کە رەخنە و تێبینیان هەیە، یان بە هۆکاری جیاوازەوە دورکەوتونەتەوە لە کاروباری بزوتنەوەکە.

دواى هەڵبژاردنى، رۆژی دوشەممە خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان یەکەم کۆبونەوەى خۆى ئەنجامدا و لە راگەیەندراوێکدا سوپاسى ئەندامانى پێشوى خانە دەکات و بەهێزکردنی پەیوەندى لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت هەردو حیزبى بەشدار لە کابینەى حکومەت بە هۆکارێکی باش لەقەڵەم دەدات بۆ هاوکاریکردن و بردنە پێشەوەی ئەرکەکانی کابینەکە و بەهێزکردنی گیانی پێکەوە کارکردن و بەجێگەیاندنی ئەجیندای چاکسازی حکومەت.

هاوکات ئەوەدەخاتەڕو کە گفتوگۆکردن لەگەڵ هەڵسوڕاوان و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی گۆڕانخوازانە بۆ پێکەوە کارکردن، لە سەرەکیترین ئەرکەکان و کارنامەی خانەی نوێ دەبێت.

دەقى راگەیەندراوەکە:
راگەیەنراوێک لەلایەن خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە

 رۆژی دوشەمە، ١٦/٩/٢٠١٩ خانەی راپەڕاندن، یەکەمین کۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا.

خانەی راپەڕاندن پێش هەمو شتێک سوپاسێکی گەرمی ئەندامانی پێشوی خانە دەکات، کە لە ماوەی دو ساڵی رابردودا، دڵسۆزانە و خەمخۆرانە ئەرکەکانیان بەجێگەیاند. بە هیواین لە ئایندەشدا، پشتیوان و یارمەتیدەری خانە و ھەردو جڤات بن و پێکەوە ئەرکە تازەکانی بزوتنەوەکە ببەینە پێشەوە.

کۆبونەوەی خانە جەختی لەسەر ئەم چەند خاڵەی خوارەوە کرد:

یەکەم: پەیوەست بە پەیوەندیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکاندا، کۆبونەوەکە جەختی لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیە سیاسیەکانی کردەوە لەگەڵ ھەردو حزبی بەشدار لە کابینەی حکومەتدا. بەهێز کردنی ئەو پەیوەندیانە هۆکارێکی باش دەبن بۆ هاوکاریکردن و بردنە پێشەوەی ئەرکەکانی کابینەکەو بەهێزکردنی گیانی پێکەوە کارکردن و بەجێگەیاندنی ئەجیندای چاکسازی حکومەت.
لەهەمان کاتدا بە گرنگی دەزانین پەیوەندی پتەوی دۆستانەمان لەگەڵ هێزەکانی تری دەرەوەی کابینە، کە ساڵانێک هاوکار و هاوپەیمانی یەکتر بوین، پەرە پێبدەین و پتەوتری بکەین و راوێژ و گفتوگۆی بەرهەمهێنەری بەسودمان لەگەڵیاندا هەبێت.

دوەم: خانەی راپەراندن، بەهەمو توانایەوە پشتگیری نوێنەرانی بزوتنەوەکە ئەکات لە کابینەی حکومەت و دەسەڵاتی خۆجێی، لە پێناو خزمەتی ھاوڵاتیان و جێبەجێکردنی بەرنامەی گۆڕان لە حکومەت، ھەروەھا چاودێریەکی وردی کارەکانیان ئەکات. لەهەمان کاتیشدا پشتگیری تەواوی کابینەی حکومەت ئەکات لە پێناو سەرخستنی بەرنامە چاکسازیەکەی،  بە جۆرێک لە خزمەت باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و بەهێزکردنی کەرتی ئابوری و ژێرخانی کۆمەڵگاو پرۆسەی چاکسازی و دژایەتی گەندەڵیدا بێت.

سێیەم: پەیوەست بە ناوخۆی بزوتنەوەکەوە، خانەی راپەڕاندن جەختی لەسەر واڵا کردنی هەمو دەرگاکان بەسەر هەمو ئەو هەڵسوڕاوە دڵسۆزانەی گۆڕان کردەوە، کە رەخنەو تێبینیان هەیە، یان بە هۆکاری جیاوازەوە دورکەوتونەتەوە لە کاروباری بزوتنەوەکە. گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو هەڵسوڕاوانەو هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی گۆڕانخوازانە بۆ پێکەوە کارکردن، لە سەرەکیترین ئەرکەکان و کارنامەی خانەی نوێ دەبێت.
خانە بە گوێرەی دەستوری بزوتنەوەکەو راسپاردەکانی هەردو جڤات، لە نزیکترین ماوەدا، ئامادەکاری بۆ هەردو پرۆسەی کۆنفرانسی نیشتیمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆیەکان ئەکات.
هاوکات بە گوێرەی پلانێکی تۆکمە، کار لەسەر بەهێزکردنی ئۆرگانەکانی بزوتنەوەکە ئەکات، بەتایبەت دانان  وھەڵبژاردنی رێکخەرو ئەندامی ژورەکان و  باژێڕوانەکان، بە ئاراستەی بەهێزکردنی دامەزراوەی ناوخۆیی گۆڕان بۆ راپەڕاندنی ئەرکە گرنگ و هەستیارەکانی قۆناغی داهاتوی بزوتنەوەکەمان.


لە کۆتاییدا بزوتنەوەی گۆڕان جارێکی تر جەخت لەسەر پابەند بون بە پرەنسیپە بناغەییەکانی بزوتنەوەکە دەکات لە پێناو عەدالەت و چاکسازی و ئازادیەکان و دژایەتی گەندەڵی و بە سیستەم کردنی دەزگاکان و کارکردنی بێوچان لە پێناو باش کردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان.

خانەی راپەڕاندن / بزوتنەوەی گۆڕان
2019/9/16


هەواڵی زیاتر