ژووری رۆژنامەوانی گۆڕان پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێ لە هاوڵاتیان دەکات

31/12/2019

ڕاگەیەندراوی فەرمی

ژووری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی ساڵی نوێوە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی هاوڵاتیان لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێم دەکات و هیوا دەخوازێت ساڵی بوژانەوە و گەشەندنی سیاسیی و ئابوری بێت بۆ هەرێمی کوردستان.

لە پەیامەکەدا بزوتنەوەی گۆڕان داوایی پەیڕەوکردنی چاکسازییەکی گشتگیر لە هەرێمی کوردستان دەکات بۆ یەکخستن و رێکخستنی ناو ماڵی کورد، لەسەر بنەمای شەراکەتی سیاسیی راستەقینە لە هەرێم و بەغدا.

دەقی پەیامی پیرۆزباییەکەی ژووری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان؛

ساڵی نوێتان پیرۆزبێت

بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زانینی (٢٠٢٠)، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی هاونیشتمانیانی ناوخۆی کوردستان، رەوەندی کوردی و کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان دەکەین.

ئومێدەوارین ساڵی نوێ؛ ساڵی خێر و خۆشی بێت بۆ ھەمو کوردێک و بۆ ھەمو هاوڵاتیانی شکۆمەندی هەرێمەکەمان، ساڵی بوژانەوە و گەشەسەندی سیاسیی و ئابوری و پەیڕەوکردنی حکومڕانیەکی تەندروست بێت بۆ جێبەجێکردنی داخوازییە رەواکانی هاوڵاتیان، هاوکاتیش ساڵی هێنانەدی ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی گەلەکەمان بێت.

لە کاتێکدا دەچینە ساڵی نوێوە، دۆخی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە و عێراقیش گرژی و ئاڵۆزی سیاسیی و، کێشمەکێشمی رژدی زلهێزەکان بڕستی لێ بڕیوە. ئەم هەلومەرجە لەلایەک سەقامگیری سیاسیی ناوچەکە تێکدەدات و لە لایەکی دیکەشەوە ئەگەر ھەیە کاریگەری نەرێنیشی لەسەر هەرێمی کوردستان ببێت، لێرەوە داڕشتنی ستراتیژێکی نوێی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاڵنگاری و مەترسیانەی روبەڕوومان دەبێتەوە پێویستیەکی سەرەکی ئەم قۆناغەی خەباتی پارتە سیاسیەکانی هەرێمە.
ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، ئەم یادە جیهانیە، دەکەینە دەرفەتێک بۆ داواکاری لە پەیڕەوکردنی چاکسازییەکی گشتگیر لە هەرێمی کوردستان، بۆ یەکخستن و رێکخستنی ناو ماڵی کورد، لەسەر بنەمای شەراکەتی سیاسیی راستەقینە لە هەرێم و لە بەغدا، کە تێیدا رێزگرتن لە مافی خەڵك، لە مافی یەکتر و تایبەتمەندێتی یەکتر، لە پێشکەشکردنی نمونەیەکی سەرکەوتو لە کاری سیاسیی کە یاسا سەروەر بێت و روونی و ئاشکرایی لە کاروباری گشتیدا رەچاوبکرێ.

دوبارە، ساڵی نوێتان پیرۆز دەکەین.

ژوری رۆژنامەوانی
٣١ی ١٢ی ٢٠١٩


هەواڵی زیاتر