گۆڕان وەڵامی پیرۆزباییەکەی یەکێتی دەداتەوە

01/01/2020

ڕاگەیەندراوی فەرمی


دوای ئەوەی کۆسرەت رەسوڵ عه‌لی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە بۆنەوەی ساڵی نوێی زاینیەوە پیرۆزبایی لە رێکخەری گشتی و بزوتنەوەی گۆڕان کرد. عومەر سەید عەلی، ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی پەیامەکەی دایەوە و جەختی لەسەر هەماهەنگی و بەیەکەوە کارکردن کردووتەوە.

دەقی هەردوو پەیامەکە:
بەڕێز: کۆسرەت رەسوڵ عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
بروسکەی پیرۆزبایی بەڕێزتان بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زاینی گەیشتە دەستمان، زۆر سوپاست دەکەم و لای خۆماشمانەوە پیرۆزبایی گەرم لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی و تەواوی ئەندامانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەین.
ئومێدەوارم، ساڵی نوێ، ساڵی قوڵبونەوە و لێکتێگەیشتن و بەهێزبونی پەیوەندی سیاسیی سەرجەم لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و، یەکێتی و گۆڕان بێت بەتایبەت.
مەترسی و ئاڵنگاریەکانی ناوچەکە و عێراق وادەخوازێت لە پێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان، هەماهەنگ و هاوکاربین بۆ پەیڕەوکردنی چاکسازییەکی گشتگیر لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

عومەر سەید عەلی
رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان

..........

بەڕێز: عومەری سەید عەلی- ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان

‎بەبۆنەوەی هاتنەوەی سەری ساڵی تازەی زایینی گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابت و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەم و ئاواتەخوازم ساڵی تازە ساڵی بەدیهاتنی خەونەكانی گەلەكەمان بێ.
‎ئەم بۆنە پیرۆزە بە دەرفەت دەزانم جەخت لە پەیوەندی دوو قۆڵی نێوانمان لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بكەمەوە بە ئامانجی خزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و زاڵبوون بەسەر قەیرانەكان، هاوكات بەیەكدەنگی و یەكگوتاری نێوان سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەكان هەوڵی جدی بدەین بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستووری و دیموكراتییەكانمان لە عێراقی فیدرالدا.
‎دووبارە هاتنەوەی سەری ساڵی تازەی زایینتان پیرۆز بێ.

‎كۆسرەت ڕەسول عەلی
‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان


هەواڵی زیاتر