گۆڕان: لامەركەزيەت شێوازێکی هاوچەرخی بەڕێوەبردنە

20/02/2020

ڕاگەیەندراوی فەرمی

  بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: حوکمڕانی مەرکەزی و کۆکردنەوەی هەمو دەسەڵاتەکان لە ناوەندێکدا سەرکەوتو نابێت لە دەستەبەرکردنی لانیکەمی عەدالەت لە دابەشبونی پڕۆژەکان و خزمەتکردنی خەڵکدا.
جەختی کردوەتەوە؛ گۆڕان خۆی بە خاوەنی سلێمانی و خاوەندارێتی لە داوا رەواکانی خەڵکی ئەم پارێزگایە و پارێزگاکانی دیکەش دەکات، لەو چوارچێوەیەدا رەنگدانەوەی جۆرێک لە سیستمی لامەرکەزیەت لە کاروبارەکانی حکومەتی هەرێم بە پێویستیەکی لە پێشینەی ئەم کابینەیە دەزانین کە تائێستا وەک حکومەتێکی مەرکەزی دەرکەوتوە.
ئاماژەی بەوەشکدروە؛ تیمەکانمان لە حکومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان رادەسپێرین بە هەماهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە کار بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و خزمەتکردنی راستەوخۆی خەڵک بکەن.
لامەركەزيەت شێوازێکی هاوچەرخی بەڕێوەبردنە

لە بەرنامەی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕاندا، سیستەمی نەناوەندێتی (لامەرکەزیەت) وەک شێوازێکی هاوچەرخی بەڕێوەبردن و کارگێڕی جێگیر کراوە و جەخت لە پێویستی پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەرێم کراوەتەوە.
هاوکاتیش بە یەکسانی خزمەتکردنی هەمو پارێزگا و شار و شارۆچکەکان، گەیاندنی دەستی ئاوەدانکردنەوە و پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانیش ئەرکی سەرەکی حکومەتی هەرێم و هەمو لایەنەکانە.
لە رێککەوتنی سیاسیی نێوان ئێمە و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، بە رونی هاتوە "پەیڕەوکردنی لامەرکەزیەتی کارگێڕی و دارایی بۆ پارێزگاکان و شۆڕبونەوەی دەسەڵات بۆ یەکە کارگێڕییەکان" ئەرکێکی لەپێشینەی ئەم کابینەی حکومەت و بەشێکە لە کارنامەکەی، هەر بۆیە رەنگدانەوەی ئەم مۆدیلە لە ئیدارەدان بەشێکی جیانەکراوەی پرۆسەی چاکسازی، هەوڵێکی رژدیشە بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی گلەیی و گازندەی هاوڵاتیان لە چۆنیەتی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان.
لێرەوە، لەنێوان شێوازی بەڕێوەبردنی ستونی و شێوازی بەڕێوەبردنی ئاسۆیی، ئێمە دوەمیان پەسەند دەکەین و بڕوامان وایە حوکمڕانی مەرکەزی و کۆکردنەوەی هەمو دەسەڵاتەکان لە ناوەندێکدا سەرکەوتونابێت لە دەستەبەرکردنی لانیکەمی عەدالەت لە دابەشبونی پڕۆژەکان و خزمەتکردنی خەڵکدا. هەربۆیە وەڵامدانەوەی پێویستیەکانی ئەم قۆناغە وادەخوازێت "دەسەڵاتی جێبەجێکردن" بەشێک لە سەڵاحیات و دەسەڵاتەکانی شۆڕبکاتەوە بۆ پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگاکان ئالیەتی خزمەتکردنی خەڵک خێراتر بکرێت، وەلانی کەم پێویستە یاسای ژمارە (3) ی (2009) ئەنجومەنی پارێزگاکان جێبەجێ بکرێت.
دابەشکردنی بەشێک لە دەسەڵاتەکان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، متمانەی خەڵک بە دەسەڵاتە مەحەلیەکان زیاتر دەکات، جۆرێک لە لامەرکەزیەت لە بابەتی جێبەجێکردنی کارگێڕی، جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و دابەشکردنی بودجە لەنێوان پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە دەسازێنێت، بەمەش هەمو پارێزگاکان سودمەند دەبن، ئێمەش بە یەک دوری بەرگری لە عەدالەتی جوگرافی و عەدالەتی دابەشکردنی، خزمەتگوزاریەکان بۆ هەمو ناوچەکانی کوردستان دەکەین.
ئێمە سەرباری ئەوەی خۆمان بە بەرپرس ئەزانین لە سەرجەم ناوچەو دێ و شارەکانی کوردستان و کار بۆ بەرزکردنەوە و بەهێزکردنی ئاستی خزمەتگوزاریەکان دەکەین لە سەرانسەری هەرێمدا، بەلام پەیوەندیدار بە ئاستی خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەوە، ئەوەی هەیە لە ئاست خواست و داواکاری و پێداویستیەکانی خەڵکی ئەم ناوچەیە نییە، ئێمە لە کاتێکدا هەمو هەرێمی کوردستان بە ناوچە دابڕێندراوەکانیش بە یەک پاکێج سەیر دەکەین و ئیش بۆ ئەوە دەکەین خزمەتگوزاریەکان بە یەکسانی هەمو ناوچەکان بگرێتەوە، بەڵام پێمانوایە سلێمانی شایەنی خزمەتی زیاترە، بەتایبەت لە پڕۆژەکانی رێگاوبان و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و هێنانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.
گۆڕان خۆی بە خاوەنی سلێمانی و خاوەندارێتی لە داوا رەواکانی خەڵکی ئەم پارێزگایە و پارێزگاکانی دیکەش دەکات، لەو چوارچێوەیەدا رەنگدانەوەی جۆرێک لە سیستمی لامەرکەزیەت لە کاروبارەکانی حکومەتی هەرێم بە پێویستیەکی لە پێشینەی ئەم کابینەیە دەزانین کە تائێستا وەک حکومەتێکی مەرکەزی دەرکەوتوە. لەگەڵ ئەوەشدا، تیمەکانمان لە حکومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان رادەسپێرین بە هەماهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە کار بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و خزمەتکردنی راستەوخۆی خەڵک بکەن.
حکومەت و دەسەڵاتی ئیداری موڵکی خەڵکە و هاوڵاتیان چاوەڕوانی لە ئێمەیە، جیاوازیەکان لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و ئاستی گەشەسەندنی شاروشارۆچکەکان لە ژیانی رۆژانەیان رەنگبداتەوە، هەربۆیە مەسەلەی لامەركەزی لای گۆڕان بایەخی سیاسیی و ئیداری هەیە، چونکە نەناوەندێتی حكومەت لە مەركەزدا بچوك دەكاتەوە‌و دەسەڵات لە شارەكاندا گەورە دەكات، هەمو ئەزمونە سەرکەوتوەکانی دنیاش کە خاوەن حكومێكی رەشیدن لەسەرەوە حكومەتەكەیان بچوكە‌و لە خوارەوە بنكە فراوانە. ئەم جۆرە لە بەڕێوەبردن ئاستی متمانەی خەڵک بە حکومەت و حیزبەکان فراوان دەکات و خزمەتێکی گەورەش بە سەقامگیری سیاسیی و ئیداریی و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکات.
بزوتنەوەی گۆڕان
20/2/2020


هەواڵی زیاتر