راگەیەندراوێک لە بزوتنەوەی گۆڕان ەوە..

01/03/2020

ڕاگەیەندراوی فەرمی


بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم و، لێدوانی پارێزگاری سلێمانی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان؛ رۆژی یەکشەمە (١ی ٣ی ٢٠٢٠) چوار حاڵەتی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی تۆمارکران، ئەم حاڵەتانەش دوای تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی هەمان نەخۆشی دێت لە عێراق و پارێزگای کەرکوک.
تەشەنەسەندنی ئەم نەخۆشیە ڤایرۆسیە لەسەر ئاستی جیهان و وڵاتانی دراوسێ؛ لێمان دەخوازێت وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتی سیاسیی و مرۆیی و کۆمەڵایەتی و ئاینی بەشدار و هاوکار بین بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و، پشتوانی وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدرەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردن و نەهێشتنی حاڵەتەکان و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان.
لەم چوارچێوەیەدا، داوا لە ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، هەڵسوڕاو و گۆڕانخواز و پشتیوانان دەکەین پابەندی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکەن:
1. بۆ کاروباری رێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەندی راستەوخۆ نەهێڵدرێت. تەنیا لە حاڵەتی زۆر پێویست و بە رەزامەندی دوو ئۆرگان یان زیاتر نەبێ بینین و کۆبونەوە و دیدارەکان تا ماوەیەک دوابخرێ، هاوکاتیش سەردانی هەڵسوڕاوانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مەکۆی سەرەکی لە سلێمانی رابگیرێت و، هەموو پەیوەندیەکان لەرێی تەلەفۆن و ئیمەیڵ و ئامرازەکانی پەیوەندیکردنی ناراستەوخۆ ئەنجام بدرێن.
2. هەموو هەڵسوڕاو و گۆڕانخواز و پشتوانان هاندەدەین لە شار و شارۆچکە و لادێ و شوێنە جیاوازەکان وەک ئەرکێکی خۆبەخشانە هاوکار و یارمەتیدەری کارای وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوەکانی دیکەی حکومەتی هەرێم و عێراق بن بۆ رێگریکردن لە زیادبونی حاڵەتەکان.
3. داوا لە هەموو ئەو هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازانە دەکەین کە لە مانگی رابردودا بەهەر هۆکارێک سەردانی وڵاتی ئێرانیان کردوە؛ بە زووترین کات پەیوەندی بە دامەزراوە تەندروستیەکان بکەن و خۆیان بناسێنن و پەیوەست بن بە رێوشوێن و پشکنین و رێنماییە پزیشکەکان.
4. ئەرکی ئۆرگان و پشتیوانانی مرۆیی بزوتنەوەی گۆڕان و میدیاکانی ئەوەیە بەرپرسیاریانە مامەڵە لەگەڵ زانیاری و داتاکانی نەخۆشی کۆرۆنا بکەن. واتە بەبێئەوەی ترس و دڵەراوکێ لەناو خەڵک بڵاوبکەینەوە، ببینە هۆکارێک ئەرێنی بۆ بڵاوبونەوەی هۆشیاری تەندروستی و، رێگاکانی خۆپارێزی و ئازایانە روبەڕووی ئەم نەخۆشیە ببینەوە و کۆمەڵگا و خەڵکەکەمان لەم درم و نەخۆشیە بپارێزین. هاوکاتیش لە سۆشیالمیدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەهیچ جۆرێک زانیاری بێ بنەما بڵاونەکەینەوە کە سەرچاوەکەیان نافەرمی و لە دەرەوەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمەوە بەیان کرابێت.
بزوتنەوەی گۆڕان
١ی ٣ی ٢٠٢٠


هەواڵی زیاتر