بزوتنەوەی گۆڕان: پێویستە هەڵەبجە بە فەرمی وەک پارێزگا بناسرێت

16/03/2020

ڕاگەیەندراوی فەرمی

ئەمرۆ، ١٦ی ٣ی ٢٠٢٠، (٣٢)هەمین ساڵرۆژی تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە. رۆژێکی خەمناک و بیرەوەرییەکی پڕ تراژیدی میللەتی کوردە. یادەوەری مێژوی به‌کارهێنانی خراپترین توندوتیژی له‌رێی چه‌کی کۆکوژ و ته‌کنیکی سه‌ربازی تۆقێنه‌رە به‌رامبه‌ر نەتەوەیەک که‌ خاوه‌نی ساده‌ترین ئامرازی به‌رگریکردن له‌خۆی نه‌بوه.

هەڵەبجە ناسنامەی نەتەوەیەکی زیندوە کە دوای کۆمەڵکوژی و ئەنفال و کیمیاباران نەبەزیوە و راپەڕینی سەرتاسەری دژی رژێمی بەعس ئەنجامداوە، دواتریش لەرێی هەڵبژاردنەوە پەرلەمان و حکومەتی پێکهێناوە. ئەم دەستکەوتانە بەرهەمی خەباتی گەلەکەمان و خەڵکی هەڵەبجەش مافی خۆیانە شانازی بە شەهید و قوربانیەکانیانەوە بکەن و داوای خزمەتگوزاری زیاتر و ئاوەدانکردنەوە و بەکردار ناساندنی شارەکەیان وەک پارێزگا بکەن.

ئەمساڵ جیهان لەکاتیكدا یادی تاوانی کیمایابارانی هەڵەبجە دەکاتەوە، نەخۆشی کۆرۆنا وەک پەتایەکی جیهانی مرۆڤایەتی روبەڕووی مەترسی جدی کردووەتەوە، هەربۆیەش یاد و مەراسیمی کیمیابارانی شارەکەش راگیراوە، گرنگە لەم ساتەوەختەدا دوبارە داوا لە هاوڵاتیان بکەین پابەندی رێنمایی و ڕیکارە تەندروستیەکان بن و، ئەم وانە تاڵە بکەینە رێنیشاندەرێک بۆ دەربازبونی هاونیشتمانیان لە نەخۆشی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی، هەروەک بەرپرسیارێتی هاوبەشی خەڵک و حکومەت بۆ خۆپارێزی دەتوانی ئاستی مەترسیەکان زۆر کەم بکاتەوە.

پەیوەندیدار، بە بەرپرسیارێتی حکومەتی مەرکەزی عێراق و حکومەتی هەرێم، پێویستە بوترێ قوربانیدانی هەڵەبجە شایەنی خزمەتکردنی زیاترە، کە تاکو ئێستا هەنگاوەکانی بە فەرمی ناساندنی وەک پارێزگا لەسەر ئاستی عێراق نەنراوە و لە هەرێمیش هەنگاوی پێویست نەنراوە. هاوکاتیش بەڵێنە گەورەکانیش بۆ پڕۆژە پێویست و ستراتیژیەکانی شارەکە بێ کردار ماونەتەوە و خەڵکی ناوچەکەش چاوەڕوانی زیاتریان هەیە.

لەم سۆنگەیەوە و لە ساڵرۆژی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، هەر ئەرکێک بۆ خزمەتی هەڵەبجەی شەهید و ئەو ناوچانەی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتون بکەوێتە سەرشانمان وەکو ئەرکێكی نەتەوەیی و نیشتمانی دەیبینین و تەواوی توانای سیاسیی و جەماوەری خۆمان دەخەینەگەڕ بۆئەوەی بەرکەوت و شایستە داراییەکانی هەرێم و هەڵەبجە لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا بۆ خزمەتی خەڵکەکەی تەرخان بکرێت و پرسی بە پارێزگابونی هەڵەبجەش رێکارە سیاسیی و ئیداریەکانی تەواو بکات.

بزوتنەوەی گۆڕان
١٦ی ٣ی ٢٠٢٠


هەواڵی زیاتر