رونكردنه‌وه‌یه‌ك له ‌فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ پرسی ره‌شنوسی ده‌ستور

26/03/2018

ئۆپۆزیسیۆن

هه‌ر چوار فراكسیۆنه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ره‌شنوسی ده‌ستور له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌سند كراوه ‌و بڕیاری خستنه‌ ریفراندۆمی ره‌شنوسه‌كه‌ش هه‌ر له‌ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار.
له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا سه‌باره‌ت به‌ وتاره‌كه‌ی بارزانی له‌سه‌ر ده‌ستور، فراكسیۆنه‌كانی گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتو و ئاینده‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌؛ په‌رله‌مان باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعی و چاودێری یه‌ له‌ كوردستان و نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م توێژ و پێكهاته ‌و لایه‌نه‌كانی كوردستانی له‌خۆ گرتوه‌، ئێمه‌ پێمان وایه‌ كه‌ قێزگرتن له‌ قای گه‌ل و جه‌ماوه‌ری كوردستان، به‌پاراستنی سه‌روه‌ریی یاسا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ، له‌ڕێی جێبه‌جێكردنی بڕیارو یاساكانی په‌رله‌مانه‌وه‌، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه‌ .
سه‌باره‌ت به‌ وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمیش، نیگه‌رانی خۆیان نیشانده‌ده‌ن له‌وه‌ی كه‌ ‌ " مۆركێكی حزبی پێ درا و ئێمه‌ و هه‌مو جه‌ماوه‌ری كوردستان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌مان ده‌كرد  سه‌رۆكی هه‌رێم له‌م كه‌ش و هه‌وا ئاڵۆز و پڕ له‌ قه‌یرانه‌ی كوردستان و عێراقدا، جه‌خت له‌سه‌ر سازانی نیشتمانی بكاته‌وه‌ و، رێگا چاره‌ی تازه‌ بۆ ده‌رچون له‌و قه‌یرانانه‌ بخاته‌ڕو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ وتاره‌كه‌یدا جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان كرده‌وه‌، له‌مه‌ڕ پرسی ره‌شنوسی ده‌ستور و، هه‌وڵی هه‌مواركردنه‌وه‌ی".

رونكردنه‌وه‌یه‌ك له ‌فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان
سه‌باره‌ت به‌ پرسی ره‌شنوسی ده‌ستور

سه‌باره‌ت به‌ پرسی ره‌شنوسی ده‌ستور، بابه‌تی گێڕانه‌وه‌ی پڕۆژه‌ یاسای هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستور، ئێمه ــ فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ــ به‌ پێویستمان زانی كه‌ رونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ رای گشتی و هێزه‌ سیاسییه‌كان و جه‌ماوه‌ری كوردستان بڵاوبكه‌ینه‌وه‌، بەتایبه‌تی پاش وتاری رۆژی 26/5/2013 ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان :

یه‌كه‌م/ سه‌ره‌تا پێویسته‌ چه‌ند راستی یه‌كی یاسایی بخه‌ینه‌ڕو كه‌ ره‌شنوسی ده‌ستور له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی ده‌ستورییه‌وه‌ ئامادەكراوه‌ كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان دیاری كردوه‌، دواتریش پڕۆژه‌ یاسای ره‌شنوسی ده‌ستوره‌ كه‌ هه‌ر له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌سند كراوه ‌و، بڕیاری خستنه‌ ریفراندۆمی ره‌شنوسه‌كه‌ش هه‌ر له‌ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار.

دوه‌م/ به‌پێی ئه‌و یاسایانه‌ی سه‌ره‌وه‌، وه‌ به‌و پێیه‌ی په‌رله‌مان باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعی و چاودێری یه‌ له‌ كوردستان و، نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م توێژ و پێكهاته ‌و لایه‌نه‌كانی كوردستانی له‌خۆ گرتوه‌، ئێمه‌ پێمان وایه‌ كه‌ ڤێزگرتن له‌ رای گه‌ل و جه‌ماوه‌ری كوردستان، به‌پاراستنی سه‌روه‌ریی یاسا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ، له‌ڕێی جێبه‌جێكردنی بڕیار و یاساكانی په‌رله‌مانه‌وه‌، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه‌ .

سێیه‌م/ سه‌باره‌ت به‌ وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمیش، كه‌ به‌داخه‌وه‌ مۆركێكی حزبی پێ درا، ئێمه‌ و هه‌مو جه‌ماوه‌ری كوردستان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌مان ده‌كرد به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم له‌م كه‌ش و هه‌وا ئاڵۆز و پڕ له‌ قه‌یرانه‌ی كوردستان و عێراقدا، جه‌خت له‌سه‌ر سازانی نیشتمانی بكاته‌وه‌ و، رێگا چاره‌ی تازه‌ بۆ ده‌رچون له‌و قه‌یرانانه‌ بخاته‌ڕو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ وتاره‌كه‌یدا جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان كرده‌وه‌، له‌مه‌ڕ پرسی ره‌شنوسی ده‌ستور و، هه‌وڵی هه‌مواركردنه‌وه‌ی به‌ پێی ئه‌و ئاماژانه‌ی له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌مدا باسمان كردن، له‌ كاتێكدا زۆربه‌ی زۆری هێزه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم و، یاسا ناسان و رۆشنبیران و ده‌نگی زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌ویه‌ كه‌ ره‌شنوسی دەستوری هه‌رێم بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانی و، چه‌ند خاڵێك كه‌ سه‌رنجیان له‌سه‌ره‌ هه‌موار بكرێنه‌وه‌.
ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌م كاره‌ زۆر یاسایی یه‌ و، ته‌نها ئه‌ركی په‌رله‌مانیشه‌ ئه‌و گرفته‌ چاره‌سه‌ر بكا.

چواره‌م/ ئێمه‌ فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌ په‌رله‌مان دوێنێ 26/5 سه‌رقاڵی ناردنی رونكردنه‌وه‌یه‌ك بوین بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم، سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری ژماره‌(2)ی ساڵی 2011ی په‌رله‌مان، به‌داخه‌وه‌ وتاری به‌ڕێزیان هێنده‌ی تر ته‌مومژی خسته‌ سه‌ر دۆخه‌ سیاسیه‌ كه‌، بۆیه‌ ناچارین بڵێین: كه‌ بڕیاری ژماره‌(2)ی ناوبراو ئیلزامی هه‌مولا ده‌كا كه‌ ده‌بێ ره‌شنوسی ده‌ستور بگه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ به‌ پێی نه‌ریتی یاسایی هه‌ر بڕیار و یاسایه‌كی نوێ بڕیار و یاسا پێشوه‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌، بۆیه‌ گێڕانه‌وه‌ی ڕه‌شنوسی ده‌ستور بۆ په‌رله‌مان ڕێگایه‌كی شه‌رعی و یاسایییه‌ و، هیچ ڕێگرییه‌كی یاسایی له‌و لایه‌نه‌وه‌ نیه‌، پێمان وایه‌ ده‌كرێ زۆر به‌ ئاسانی له‌ چه‌ند رۆژێكدا پرۆژه‌كه‌ هه‌موار بكه‌ینه‌وه‌ و، لایه‌نی په‌یوه‌ندیداریش بیخاته‌ ریفراندومه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌كی نیشتمانی هه‌بێ بۆ سازان و، نه‌ك سه‌پاندنی بۆچونێكی دیاریكراوی لایه‌نێك به‌سه‌ر داوا و خواستی زۆرینه‌ی حزبه‌ كوردستانیه‌كان و جه‌ماوه‌ری كوردستاندا.
له‌ كۆتاییدا ئێمه‌ رای گشتی و جه‌ماوه‌ری كوردستان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ زۆر به‌ په‌رۆشین بۆپاراستنی یه‌كده‌نگی خه‌ڵكی كوردستان و زه‌مینه‌ سازیی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌، تا له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئارامدا بچینه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، بۆیه‌ داوای كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی په‌رله‌مانیشمان كردوه‌، بۆ تاوتوێی بابه‌تی ڕه‌شنوسی ده‌ستور و، دۆخی سیاسی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی.

فراكسیۆنی گۆڕان
فراكسیۆنی یه‌كگرتوی ئیسلامی
فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی
فراكسیۆنی ئاینده‌


هەواڵی زیاتر