پەیامی بزوتنەوەى گۆڕان به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه-وه‌

20/03/2020

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی و، یادە نەتەوەییەکانی مانگی ئازار و هاتنی وەرزی بەهار، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان و، رەوەندی کوردی و، گەلانی ناوچەکە دەکەین.

ئەم بۆنە نەتەوەییە کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵرۆژی راپه‌ڕین و ئازادکردنی شاری کەرکوک و بەشێکی گرنگی خاکی کوردستان، ئومێدەوارین مایەی خێرو خۆشی و بەرقەراربونی ئاشتی و کۆتایی پێهێنانی کێشەو گرفتەکان بێت، هاوکاتیش هاندەرمان بێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان بە ئاراستەی دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش بۆ لەیەکتر تێگەیشتن و بەیەکەوەکارکردن و روبەڕووبونەوەی ئاڵنگارییە ئابوری و دارییەکان بەتایبەت دابینکردنی موچە بۆ فەرمانبەران و دەستەبەرکردنی بژێوی بۆ ئەو خەڵکانەی پێویستیان بە دەستگیرۆیی حکومەت هەیە.

بە پێویستیشی دەزانین لەم پەیامەدا جەخت لەسەر دوو خاڵ بکەینەوە:
یەکەم و پەیوەندیدار بە دۆخی عێراق زۆر پێویستە دەست و برد بکرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی وەزاری و وەڵامی ئەرێنی داخوازییەکانی شەقام و پرۆسەی چاکسازی بدرێتەوە.

دوەم و لەسەر ئاستی هەرێم و لەم ساتەوەختە مەترسیدار و بارە ئابوریە سەختە، کارێکی بەرپرسانە نیە کە لە بری پێکەوەکارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و خزمەتکردن و رەواندنەوەی دڵە راوکێی هاوڵاتیان، کەچی فەزای گشتی هەرێم بە کێشەو پرسی لابەلا سەرقاڵبکرێت و زمانی ئاخاوتن بگاتە ئاستێکی خراپ کە بەدڵنیایەوە ژیانی کۆمەڵگا و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دەرونیی  و سیاسیمان بەرەو قەیرانی مەترسیدارتر ئەبات. لەم یادەدا داوامان وایە هەر هەمومان بە گیانی بەرپرسانە و بە زمانی گفتوگۆ و روحیەتی پێکەوە کارکردن هەنگاو بۆ ئایندەیەکی باشتر بۆ گەلەکەمان بنێین، نەک قوڵکردنەوەی کێشە و ململانێکان.

ئاشکراشە، ئه‌مساڵ لەکاتێکدا یادی نه‌ورۆز ده‌كه‌ینه‌وه‌، جیهان روبەڕووی دۆخێکی سه‌ختی تەندروستی بووەتەوە و هەرێمی کوردستانیش بەر کاریگەرییە نەرێیەکانی ئەم دۆخە کەوتوە. درمی کۆرۆنا نەخۆشیەکی گوێزراوەی جدییە کە پێویستی بە خۆپارێزی و پەیڕەوکردنی رێنماییە تەندروستیەکانە، بۆیه‌ هیوادارین هاونیشتمانیان لە ماڵەکانی خۆیانەوە گوزارشت لە سروتەکاتی جەژنی نەورۆز بکەن و هەموان بەیەکەوە ببینە هێزێکی کاریگەر بۆ رەوینەوەی مەترسیەکانی کۆرۆنا و دەستەبەرکردنی کۆمەڵگایەکی ساغڵەمی کوردستانی.

لە کۆتایشدا جگە لە دوپاتکردنەوەی پەیامی پیرۆزبایی، سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆمان ئاراستەی تیمەکانی حکومەت دەکەین کە لەم ماوەیەدا دڵسۆزانە خزمەتی هاوڵاتیان دەکەن و ماندونەناسانە روبەڕووی مەترسیەکانی نەخۆشی کۆرۆنا بونەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان
٢٠ی ئازاری ٢٠٢٠


هەواڵی زیاتر