بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان: بەڵێن دەدەین لەچواچێوەی جێبەجێکردنی بەرنامەی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕاندا بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی خەڵک

25/07/2020

ڕاگەیەندراوی فەرمی


بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ راگەیەندراوێكی‌ رۆژنامەوانیدا به‌بۆنه‌ی‌ تێپه‌ڕینی‌ (11) له‌ به‌شداریكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی هه‌رێمی‌ كوردستان، ڕایده‌گه‌یه‌نێت: ئەم رۆژە لای خەڵکی ئازادیخواز و هاونیشتمانیان، ساتەوەختێکی پڕشنگدارە لە سەرکەوتنی خەباتی مەدەنی و دوورخستنەوەی چەک لە کێبڕکێی سیاسیی، لەبەرامبەریشدا یادکردنەوەی سەرکەوتنی هەمو ئەو دەنگ و خواستە جەماوەرییەی خەڵکی کوردستانە کە لەرێی بزوتنەوەی گۆرانەوە گوزارشتی لەخۆی کرد.
له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌ڵێت: لەم رۆژەدا، سەرەڕای جەختکردنەوە لە کاراکردنی رۆڵی پەرلەمان کە بەداخەوە لەئێستادا ئەو رۆڵە فەرامۆشکراوە، بەپێویستیشی دەزانین سوپاسی هەمو ئەو خەڵکە دڵسۆزانە بکەین کە لەقۆناغە جیاوازەکانی خەباتی سیاسیی بزوتنەوەی گۆراندا بەشدار و پشتیوان و هاوسۆز و دەنگدەرمان بون.
راگەیەندراوی رۆژنامەوانی
ئەمڕۆ، ٢٥ی ٧ی ٢٠٢٠، (١١) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر سەرکەوتنی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان، لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان.
ئەم رۆژە لای خەڵکی ئازادیخواز و هاونیشتمانیان، ساتەوەختێکی پڕشنگدارە لە سەرکەوتنی خەباتی مەدەنی و دوورخستنەوەی چەک لە کێبڕکێی سیاسیی، لەبەرامبەریشدا یادکردنەوەی سەرکەوتنی هەمو ئەو دەنگ و خواستە جەماوەرییەی خەڵکی کوردستانە کە لەرێی بزوتنەوەی گۆرانەوە گوزارشتی لەخۆی کرد.
بزوتنەوەی گۆڕان وەک رێکخراوێکی سیاسیی خاوەن بەرنامەیەکی گشتگیری نیشتمانی و نەتەوەیی، سەنگەرێکی پتەوی بەرگریکردن بوە لە داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان، بەگژداچونەوەی گەندەڵی، سەروەری یاسا، بەشداریپێکردنی زیاتری هاوڵاتیان لە کایەی گشتی و هەوڵدان بۆ پەیڕەوکردنی چاکسازی گشگیر.
لەم رۆژەدا، سەرەڕای جەختکردنەوە لە کاراکردنی رۆڵی پەرلەمان کە بەداخەوە لەئێستادا ئەو رۆڵە فەرامۆشکراوە، بەپێویستیشی دەزانین سوپاسی هەمو ئەو خەڵکە دڵسۆزانە بکەین کە لەقۆناغە جیاوازەکانی خەباتی سیاسیی بزوتنەوەی گۆراندا بەشدار و پشتیوان و هاوسۆز و دەنگدەرمان بون.
بەڵێنیش دەدەین لەچواچێوەی جێبەجێکردنی بەرنامەی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕاندا بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی خەڵک و، بەهەندوەرگرتنی خواست و داواکارییەکانی هاوڵاتیان و گۆڕانخوازان بۆ سەرخستنی خەباتی مەدەنی و بەدیهێنانی خواستە رەواکانی هاونیشتمانیان.
بزوتنەوەی گۆڕان
٢٥ی٧ی٢٠٢٠


هەواڵی زیاتر