لەسەر پرسی قاچاخ و قۆرخکاری وتەبێژی گۆڕان پەیامێک ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەکات
11/08/2020
ڕاگەیەندراوی فەرمی
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: پێوستە دەست بەجێ سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و هەموو کابینەو هەردوو حزب و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن بۆ کۆتایی هێنان بەم یاسا شکێنی و قاچاخچێتیە کە لە سنورەکاندا تەشەنەی کردوەو بوەتە هۆی بەهەدەردانی مانگانەی دەیان ملیۆن دۆلاری داهاتی هەرێم.
عەدنان عوسمان، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بە بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت دەڵێت: بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت تەنها لە پێناو چاکسازی و ڕێگریکردن لە گەندەڵی و قاچاخچێتی بووە، بەدڵنیاییەوە ئێمە نەک نابینە پاسەوانی ئەم بەد ڕەفتاری و کارە نایاساییانە، بەڵکو بەھەموو توانایەکمان ڕووبەڕووی دەبینەوەو بێدەنگ و بێھەڵوێست نابین.
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوەکەدا نوسیویەتی؛
ژیانی موچەخۆران و ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە ئاستێکی خراپدایە، بەڵام لەبری ھەنگاونانی خێرا بۆ چاکسازی و چارەسەری کێشەی موچە، کەچی قەبارەی گەندەڵی و قاچاخچێتی بە ئەندازەیەکی مەترسیدار زیادی کردوە.
راگەیەندراوی رۆژنامەوانی:
ژیانی موچەخۆران و ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە ئاستێکی خراپدایە، بەڵام لەبری ھەنگاونانی خێرا بۆ چاکسازی و چارەسەری کێشەی موچە، کەچی قەبارەی گەندەڵی و قاچاخچێتی بە ئەندازەیەکی مەترسیدار زیادی کردوە.
بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت تەنها لە پێناو چاکسازی و ڕێگریکردن لە گەندەڵی و قاچاخچێتی بووە، بەدڵنیاییەوە ئێمە نەک نابینە پاسەوانی ئەم بەد ڕەفتاری و کارە نایاساییانە، بەڵکو بەھەموو توانایەکمان ڕووبەڕووی دەبینەوەو بێدەنگ و بێھەڵوێست نابین.
ئێستا سەرباری گەندەڵی و قۆرخکاری کۆمپانیاکانی نزیک لە حیزب، کەچی بەشێک لە بەرپرسان بەھاوکاری دامەزراوە ئەمنیەکان، سەرقاڵی قاچاخچێتی مەترسیدارن و بە ئاشکرا لە بازاڕدا نوسینگەی قاچاخیان داناوەو ھەموو کاڵایەکی قەدەغەکراو بەبێ ھیچ پشکنینێک دەھێننە کوردستانەوە، کە ئەمەش جگە لە یاسا شکێنی و گەندەڵی، مەترسیشە لەسەر تەندروستی ھاوڵاتیان.
گۆڕان پێداگیری دەکات لە سەر چاکسازی لە دۆسیەی نەوت و خاڵی سنوری و باج و سیستەمی موچە، هەروەها پێویستە دەست بەجێ سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و هەموو کابینەو هەردوو حزب و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن بۆ کۆتایی هێنان بەم یاسا شکێنی و قاچاخچێتیە کە لە سنورەکاندا تەشەنەی کردوەو بوەتە هۆی بەهەدەردانی مانگانەی دەیان ملیۆن دۆلاری داهاتی هەرێم.
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان
11-8-2020