بزوتنەوەى گۆڕان: قادرى حاجى عەلى هەمو تەمەنی خۆی بۆ بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان تەرخان کردوە

10/11/2020

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بزوتنەوەى گۆڕان بەبۆنەى کۆچى دوایى قادرى حاجى عەلى یەکێک لە دامەزرێنەرانى بزوتنەوەکە، لە راگەیەندراوێکدا پەیامى هاوخەمى خۆى دەردەبڕێت.

لەراگەیەندراوەکەدا وێڕاى پرسە و سەرەخۆشى لە بنەماڵە و کەسوکارى کۆچکردو و تەواوى خەڵکى کوردستان، جەخت لەوە کراوەتەوە کە خوالێخۆشبو هەمو تەمەنی خۆی بۆ بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان تەرخان کردوە، دوای دروستبونی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستانیش کەسایەتیەکی کاریگەری سیاسیی و پاڵپشتیکاری بەهێزکردنی بەرەی چاکسازی و گۆڕانکاری و چاکەی گشتی بوە، هاوکات ئاماژە بە چەندین وێستگەى سیاسى جیاواز کراوە کە کۆچکردو بەشدار بوە تیایدا.

راگەیاندراوی رۆژنامەوانی

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، ئەمرۆ سێشەمە قادر حاجی عەلی، سەرکردەی هەڵکەوتو و نیشتمانپەروەر و یەکێك لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان بەهۆی نەخۆشی لە شاری سلێمانی، کۆچی دوایی کرد.

بەو بۆنە خەمناکەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە خۆمان و بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان و تەواوی خەڵکی کوردستان و هاوخەبات و هاوڕێگاکانمان دەکەین. لە کاتێکیشدا یاد و یادەوەری سەرکردەی خوالێخۆشبو بەرز رادەگرین ئەو راستیە بیر هەمو لایەک دەهێنینەوە کە خوالێخۆشبو هەمو تەمەنی خۆی بۆ بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان تەرخان کردوە، دوای دروستبونی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستانیش کەسایەتیەکی کاریگەری سیاسیی و پاڵپشتیکاری بەهێزکردنی بەرەی چاکسازی و گۆڕانکاری و چاکەی گشتی بوە.

خوالێخۆشبو قادر حاجی عەلی، جگەلەوەی لە خەباتی چەکداری و لەناو کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرکردە و کەسایەتیەکی دیار بوە، لە کۆتایی (٢٠٠٦)یشدا هاوشانی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە بەرەی ریفۆرمی سیاسیی بوە. هەروەک لە دروستبونی یەکەمین ئەزمونی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان و بەدرێژایی ئەو ماوەیەی کە کاری لەناو بزوتنەوەکەدا کردوە وەک سەرکردەیەکی دیار بەوپەڕی تواناوە کاری بۆ سەرخستنی پەیامی سیاسیی و بەهێزکردنی بزوتنەوەکە کردوە.

بزوتنەوەی گۆڕان
١٠ی ١١ی ٢٠٢٠


هەواڵی زیاتر