گۆڕان و یەکێتی؛ پێویستە بەپەلە وەفدێکی خاوەن بڕیاری حکومەتی ھەرێم بچێتە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەی بودجە

29/11/2020

ڕاگەیەندراوی فەرمی

لە راگەیاندراوی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، ئەنجامی کۆبونەوەی نێوانیانیان ڕاگەیاندوو دەڵێن: پێوستە بەزوی چارەسەری ڕیشەی کێشەی بەشە بودجەی هەرێم بکرێت و شاندیکی خاوەن قەرار بچێتە بەغداد و زەمینەخۆشبکرێت بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رووبەڕووی واقیعی ھەرێم و عێراق دەبێتەوە.

سەبارەت بە سیستمی لامەرکەزی هەردولا دەڵێن: پێشوازی لەھەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی سیستمی لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی دەکەین، ھەروەک لەکارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمدا ھاتووە.

راگەیاندراوی رۆژنامەوانی

ئەمڕۆ یەکشەمە ٢٩/١١/٢٠٢٠ کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەدەباشان بەڕێوەچوو .
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو ، لەسەر دواین گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسی و ئابوورییەکانی ھەرێم و عێراق ، بەتایبەت خراپی بژێوی ژیانی ھاوڵاتیان و مووچەخۆرانی ھەرێم ، کە بەرئەنجامی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست بووە ، دواتریش بەدیارکراوی دوای دەرکردنی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، پەیوەندیدار بە کورتھێنانی بودجەو وەرگرتنی قەرز قەیرانەکە قوڵتربووەتەوە .
سەڕەڕای جەختکردنەوە لەتوندوتۆڵکردنی پەیوەندی نێوان ھەردوولا، بەپێویست زانرا ھەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت، ھەروەک ھاوڕابووین لەسەر ئەم بڕیارانەی خوارەوە:
١ . بەپەلە وەفدێکی خاوەن بڕیاری حکومەتی ھەرێم پێکبھێنرێت و بچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرکردنی ریشەیی و کۆتایی کێشەی بودجەو موچەی ھەرێمی کوردستان ، لەھەمانکاتدا ئەم ھەنگاوە ببێتە بناغەیەکی پتەو بۆ یاسای بودجەی ٢٠٢١ فیدڕاڵی
2. پێشوازی لەھەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی سیستمی لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی دەکەین ، ھەروەک لەکارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمدا ھاتووە
3. زەمینەخۆشکردن بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رووبەڕووی واقیعی ھەرێم و عێراق دەبێتەوە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بزووتنەوەی گۆڕان


هەواڵی زیاتر