ئافرەتانی بزوتنەوەی گۆڕان: ده‌بێت ئافرەتان رۆڵیان هه‌بێ له‌به‌ره‌وپێشبردنی چاكسازی

08/03/2021

ڕاگەیەندراوی فەرمی

ئافرەتانی بزوتنەوەی گۆڕان، به‌بۆنه‌ی 8ی مارسه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نن: بەپێویستی دەزانن بەشداریی راستەقینەی ئافرەتان لەکاروباری گشتی و کایە زیندوەکانی ژیان لە هەرێمی کوردستاندا فراوانتر و کاراتربێت و رۆڵیان هه‌بێ له‌ بەرەوپێشبردنی ئەو پرۆسە چاکسازییەی کە بۆ هەرێمی کوردستان پێویستی حەیاتیە.

له‌و راگه‌یه‌نراوه‌دا، ئافرەتانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن: جگە لەوەی پشتگیرو داکۆکیکاری مافی ئەو خانمانە دەبین کە قوربانی شێوازەکانی توندوتیژین، دەستی هاوکاری درێژدەکەین و هانی ئافرەتان دەدەین هەمومان بەیەکەوە ببینە کوتلەیەکی مرۆیی بەرپرسیار و پەروەردەکار بۆ راستکردنەوەی چەوتییەکان و بەرەوپێشبردنی ئەو پرۆسە چاکسازییەی کە بۆ هەرێمی کوردستان پێویستی حەیاتیە.


دەقی راگەیەندراوەکە:

ئافرەتانی خۆشەویستی کوردستان..
دایک و خوشک و کچانی میهرەبان..

له‌ (8)ی مارس و ڕۆژی جیهانیی‌ ئافره‌تان، پیرۆزباییەکی گەرم و پڕ لە هەستی خۆشەویستی ئاراستەی هەموتان دەکەین. لەرێی ئێوەشەوە پیرۆزبایی تایبەت بۆ ئافرەتانی جیهان دەنێرین.

لەم یادە پیرۆزەدا، خەبات و کۆششمان لەچوارچێوەی بەرنامەی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان و بەپشتیوانی چالاکوان و ئافرەتانی بەهرەمەند بۆ ژیانێکی باشتر و چەسپاندنی یەکسانی جێندەریی زیاترە لە هەرێمی كوردستان.

لەو چوارچێوەیەدا، دەستی هەمو ئەو خانم و دایک و خوشک و کچانەش توند ئەگوشین کە بەگژ نەهامەتیەکانی ژیان و جیاکارییە کۆمەڵایەتیەکان دەچنەوە، هاوشانی پیاوان بەشێکی گرنگ و تەواوکاری پرۆسەی بیناکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئیداری و پەروەردە و فێرکردنن.

لەکاتێکدا یادی ئافرەتە گەورە و خەباتگێڕەکانی کورد بەبیر دەهێنینەوە، بەپێویستیشی دەزانین بەشداریی راستەقینەی ئافرەتان لەکاروباری گشتی و کایە زیندوەکانی ژیان لە هەرێمی کوردستاندا فراوانتر و کاراتربێت، ئەمەش بە ئامانجی داکۆکیکردن لە مافەکان و دەستەبەرکردنی یەکسانی جێندەری زیاتر.

لە کۆتایدا، جگەلەوەی پشتگیر و داکۆکیکاری مافی ئەو خانمانە دەبین کە قوربانی شێوازەکانی توندوتیژین، دەستی هاوکاری درێژ دەکەین و هانی ئافرەتان دەدەین هەمومان بەیەکەوە ببینە کوتلەیەکی مرۆیی بەرپرسیار و پەروەردەکار بۆ راستکردنەوەی چەوتیەکان و بەرەوپێشبردنی ئەو پرۆسە چاکسازییەی کە بۆ هەرێمی کوردستان پێویستی حەیاتیە.

ئافرەتانی بزوتنەوەی گۆڕان
8ی مارسی 2021


هەواڵی زیاتر