بزوتنەوەى گۆڕان داوادەکات حکومەتى هەرێم و عێراق پابەندبن بە یاساى بودجەوە

01/04/2021

ڕاگەیەندراوی فەرمی

تایبەت بەپەسەندکردنى بودجەى فیدڕاڵى عێراق بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیامێکدا دەڵێت: پەسەندکردنی یاسایی بودجەی فیدڕاڵی، بەرهەمى یەکڕیزى لایەنە کوردستانیەکان و بەتایبەت ھەوڵە بەردەوامەکانی وەزیرى دارایى و ئابورى حکومەتی ھەرێم کە بناغەى ئەم رێککەوتنە بەشێک بوە لە پڕۆژەى رێککەوتنى بودجەى فیدڕاڵى بۆ ساڵى (2020).

لە پەیامەکەدا بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: جەخت لەسەر سەرپێخستنى چاکسازى گشتگیر و گەڕانەوەى سەرجەم داهاتەکان بۆ خەزێنەى حکومەتى هەرێم دەکەینەوە، بەشێوەیەک ئەم ھەنگاوانە ببنە فاکتەری نەهشێتنى لێبڕینى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم.

لێدوانێک لە وتەبێژى فەرمى بزوتنەوەى گۆڕانەوە..
دواى پەسەندکردنى بودجەى فیدڕاڵى عێراق بۆ ساڵى (2021)، ئێمە لە بزوتنەوەى گۆڕان ئەم هەنگاوە بە سەرەتاییەکی دڵخۆشکەر دەزانین بۆ باشکردنى پەیوەندیەکانى نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای رێزگرتن لە پابەندبونە دەستوریەکان.

لە ماوەى رابردودا، هەمیشە جەختمان لەسەر رێککەوتن لەگەڵ حکومەتى ئیتیحادى کردوەتەوە، ئێستا کە بە هەوڵى هەموو لایەک رێککەوتنێکى هاوسەنگ هاتوەتەدى و سەرەتایەکى نوێیە لە مامەڵەى دارایى و سیاسی لەگەڵ بەغدا، پێویستە هەموو لایەک بەرژەوەندیە باڵاکانى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حیزبی و کەسیەکان.

پەسەندکردنی یاسایی بودجەی فیدڕاڵی، بەرهەمى یەکڕیزى لایەنە کوردستانیەکان و پشتیوانی نوێنەرانی کورد و، تیمى دانوستانى حکومەتى هەرێمى کوردستانە. بەتایبەت ھەوڵە بەردەوامەکانی وەزیرى دارایى و ئابورى حکومەتی ھەرێم کە بناغەى ئەم رێککەوتنە بەشێک بوە لە پڕۆژەى رێککەوتنى بودجەى فیدڕاڵى بۆ ساڵى (2020).
ئێمە لەکاتێکدا لەگەڵ جێبەجێ کردنى تەواوى ماددە و بڕگەکانى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغداین،
داوا دەکەین هەردو حکومەتى هەرێم و فیدڕاڵ پابەندبن بە یاساى بودجەوە، لەپێناو ژیان و گوزەرانى موچەخۆران و خەڵک.

بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستانیش جەخت لەسەر سەرپێخستنى چاکسازى گشتگیر و گەڕانەوەى سەرجەم داهاتەکان بۆ خەزێنەى حکومەتى هەرێم دەکەینەوە، بەشێوەیەک ئەم ھەنگاوانە ببنە فاکتەری نەهشێتنى لێبڕینى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم.

١ی ٤ی ٢٠٢١


هەواڵی زیاتر