بزوتنەوەی گۆڕان: باشترین وه‌فا و پاداشت بۆ ئه‌نفالکراوه‌کان و که‌سوکاریان بنیاتنانی وڵاتێکی‌ ئازادە‌

14/04/2021

ڕاگەیەندراوی فەرمی

راگەیەندراوی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یادی ئەنفال

(33)یه‌مین ساڵرۆژی پرۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفال بۆ که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کان له‌ کاتێکدایه‌ تا ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ بیره‌وه‌ری و یادگاری ئه‌نفالکراوه‌کاندا ئه‌ژین. بۆ ئه‌وان چیرۆک نییه‌ به‌ڵکو ئه‌زموونه و ته‌نها ئه‌وان هه‌ست به‌ ‌قووڵی ئه‌و برینه‌ ئه‌که‌ن.

له‌ پێناو که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کان، نه‌وه‌کانی ئێستا و ئاینده‌ ئه‌م ئه‌رکانه‌ ئه‌بێت جێبه‌جێ بکرێن:

یه‌که‌م: هێنانه‌وه‌ی هه‌موو روفاتی ئه‌نفالکراوه‌کان به‌ شکۆ و رێزه‌وه‌. ئه‌نجامدانی پشکنینی (دی ئێن ئه‌ی) بۆ که‌سوکاری ئە‌نفالکراوه‌کان تاکو بزانن خۆشه‌ویستانیان ئارامگه‌یه‌کی له‌ خاکی کوردستان هه‌یه‌. تاکو روفاتی ئه‌نفالکراوه‌کان ببێته‌ به‌ڵگه‌ی مێژووی سیاسه‌تی بەعس بۆ کۆمه‌ڵکوژی کورد بۆ نه‌وه‌کانی ئاینده‌ و جیهان.

دووه‌م: کورد به‌هۆی کوردبوونی له‌ پرۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفالدا کرایه‌ ئامانج. پێش هه‌مووان که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کان خاوه‌نی قه‌زیه‌که‌ن. به‌ حیزبی و سیاسی کردنی ئه‌نفال زیانی گه‌وره‌ی گه‌یاندووه‌. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هاوسۆزه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوی که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کان که‌ ئه‌مڕۆ جارێکی دیکه‌ دژ به‌ به‌ حیزبی کردن و نمایش و گوفتاری بێ کردار بوون.  

سێیه‌م: رۆحی ده‌یان هه‌زار ئینسانی کورد ‌هێنده‌ ئاسان  قه‌ره‌بوو ناکرێته‌وه‌. له‌ هه‌مان کاتدا ژیانێکی شایسته‌ مافێکی زه‌وتنه‌کراوی هه‌موو که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کانه‌.

چواره‌م: دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كانی‌ عێراق ئه‌نفالی‌ وه‌ك جینۆساید به‌رانبه‌ر به‌ گه‌لی‌ كورد ناساندووه‌. پێویسته‌ حکومه‌تی فیدراڵی عێراق  به‌فه‌رمی‌ داوای‌ لێبوردن‌ له‌ گه‌لی‌ كورد بکات.  ئه‌رکی قانونی و سیاسی و ئه‌خلاقی حکومه‌تی فیدراڵی عێراقە، له‌ ناویاندا ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌سه‌ر قوربانی و گیانفیدای گه‌لی کورد بوون به‌ سه‌رۆک کۆمار و وه‌زیر و په‌رله‌مانتار که‌ کار بکه‌ن بۆ قانونێک بۆ هێنانه‌وه‌ی ته‌واوی روفاتی ئه‌نفالکراوان و قه‌ره‌بوویه‌ک له‌ ئاست ئه‌و تاوانه‌دا بێت. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که له‌‌ سه‌ختترین کاتدا ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا رووبه‌ڕوو داوای چاره‌نووسی ئه‌نفالکراوه‌کانی له‌ سه‌دام حسێن کرد.
 
‎ئه‌مڕۆ رێز له‌ هه‌موو ئه‌و دایکانە‌ ئه‌گرین که‌ پاش ئه‌نفالکردنی هاوژینه‌کانیان به‌ هێزی بازووی خۆیان و به‌ کرێکاری و گوڵه‌چنه‌ و مه‌ینه‌تی زۆر کوڕ و کچه‌کانیان گه‌وره‌ کرد. پاڵه‌وانی راسته‌قینه‌ی مێژووی ئێمه‌ ئه‌و دایکانه‌ن. جێگه‌ی دڵخۆشیه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌و کچ و کوڕانه‌ی ئه‌وان بوون به‌ پزیشک، ئه‌ندازیار، مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر و پارێزه‌ر و رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌ کوردستاندا. خۆیان ئه‌توانن باشتر له‌ هه‌ر که‌س خاوه‌ندارێتی له‌ قه‌زییه‌ی خۆیان بکه‌ن.
 
ئامانجی رژێمی به‌عسی رووخاو ملکه‌چکردنی کورد بوو له‌ رووی سیاسی و چه‌کدارییه‌وه‌ چونکه‌ ته‌نها رێگا بۆ زاڵبوونیان به‌سه‌ر کوردستاندا نه‌هێشتی گونده‌کان و ئه‌نفالکردنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی بوو. ئه‌و خه‌ونه‌ له‌ گۆڕ نرا و کورد له‌ پاش جینۆساید هه‌ستایه‌وه‌ و له‌ مه‌رگ ژیانی خوڵقاند.
 
بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ رابردو و ئێستاشدا هه‌وڵی‌ داوه‌ مانایه‌كی‌ گه‌وره‌تر به‌م كاره‌ساته‌ بدرێت و له‌م رێگه‌یه‌وه‌ ئازار‌ و نەھامەتی و چەوسانەوەی گه‌له‌كه‌مان كه‌مێك ساڕێژ بێت، ھەروەک رایگشتی و سۆزی‌ جیهانیش بۆ دۆزی‌ رەوای نەتەوەکەمان رابكێشێت.
 
باشترین وه‌فا و پاداشت بۆ ئه‌نفالکراوه‌کان و که‌سوکاریان بنیاتنانی وڵاتێکی‌ ئازادە‌ که‌ تێیدا ژیان و ئاسایش و ئازادی و که‌رامه‌تی هه‌موو ئینسانێک به‌ قانون پارێزراو بێت چونکه‌ ئه‌وان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی زوڵم و سته‌مکارییدا شه‌هید بوون.
 
 
بزوتنەوەی گۆڕان
١٤ی ٤ی ٢٠٢١


هەواڵی زیاتر