ژ‎وری رۆژنامەوانی گۆڕان: ئازادی رۆژنامەوانی لەپاشەکشێدایە

22/04/2021

ڕاگەیەندراوی فەرمی

لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا، ژوری ڕۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت:
بە ئەرکى حکومەت و دام و دەزگاکانى دەزانین کە کاربکەن بۆ جێبەجێکردنى یاساى کارى ڕۆژنامەگەرى و مافی بەدەستهێنانى زانیارى.

بەبۆنەی (١٢٣) ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردیەوە ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیامەکەیدا پیرۆزبایی ئاراستەی رۆژنامەنوسان و نوسەران و ئازادیخوازان کردوە و تیدا هاتوە: ئازادی بیروڕا و ئازادى رۆژنامەوانی لە هەرێمى کوردستاندا لە پاشەکشێدایە، میدیا و میدیاکارە پیشەگەرەکان بێ ڕۆڵ دەکرێن، میدیاى فەیک و نابەرپرس لەپەرەسەندندایە، بە پلان کار بۆ شێواندنى ڕاستیەکان و تێکدانی ئاشتى کۆمەڵایەتى دەکرێ.
(١٢٣) ساڵ پێش ئێستا، یەکەمین ڕۆژنامەى کوردستان لەلایەن بەدرخانیەکانەوە لە قاهیرەی پایتەختی میسر چاپ و بڵاوکرایەوە. وشەی کوردی کاتێک بۆ یەکەمجار لەسەر کاغەزی رۆژنامە چاپ دەکرێت؛ کۆمەڵی کوردی لە قۆناغی دوای شکستی میرنشینه‌ کوردییه‌کان و لەژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانی یەکانگیری ئەزمونێکی خراپی ئیداری و گەندەڵی بەربڵاو و نەخوێندەواری بو. هەربۆیە ناوەڕۆکی وتار و نوسینەکان بە ئامانجى یەکخستن نەتەوە و بڵاوکردنەوەى هوشیارى و داواکردنی ریفۆرم و قەڵاچۆی گەندەڵی بوە.
‎ئێمە لەکاتێکدا یادی ڕۆژنامەگەرى کوردى دەکەینەوە و پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی رۆژنامەنوسان و نوسەران و ئازادیخوازانی کورد دەکەین، بڕوامانوایە ئازادی بیروڕا و ئازادى رۆژنامەوانی لە هەرێمى کوردستاندا لە پاشەکشێدایە، میدیا و میدیاکارە پیشەگەرەکان بێ ڕۆڵ دەکرێن، میدیاى فەیک و نابەرپرس لەپەرەسەندندایە، بە پلان کار بۆ شێواندنى ڕاستیەکان و تێکدانی ئاشتى کۆمەڵایەتى دەکرێ، زمانی میدیایی بۆ ئاستێکی نزمی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی سیاسیی دابەزێنراوە، بڵاوکردنەوەی زانیارى ناڕاست و پەیامى چەواشەکارى بازاڕگەری بۆ دەکرێت، ژمارەیەک لە سیاسیەکان بە پارەی گەندەڵی و قاچاخچێتی پشتیوانی دارایی لە ژمارەیەک ئامرازی میدیایی ئاراستەکراو دەکەن و، لەبەرامبەریشدا رۆڵی میدیای ئازاد و بەرپرسیار خراوەتە ژێر پرسیارەوە.
‎هەرێمی کوردستان کە پێویستی بە چاکسازی گشتگیرە، ئەم چاکسازییە بێ میدیای ئازاد و بێ رۆژنامەنوسی سەربەخۆ کە ئارام ئارام بەدوای سەرەداوی کەیسەکانی گەندەڵی و خراپبەکارهێنانی دەسەڵات بکەوێت سەرناگرێ. بزوتنەوەی گۆڕان بڕوای تەواوی بە میدیای ئازاد هەیە و پڕۆژە سیاسیەکەشی بە بەرهەمی پشتیوانی میدیای ئەهلی و رۆشنبیر و نوسەران و ئازادیخوازان دەزانێت، لەو چوارچێوەیەدا رۆڵی رۆژنامەنوسان و میدیاى ئازاد لە فشارکردن بۆ چاکسازی سیاسیى و ئیداری، بۆ رووبەروبونەى گەندەڵى، بۆ سەروەری یاسا و شەفافیەت، بۆ نیشاندانی هەڵەو کەموکورتی بەرپرسان هۆکارێکى یارمەتیدەری بەهێزە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانی بەردەممان.

‎هاونیشتمانیانى کوردستان..
‎رۆژنامەنوسانی خۆشەویست..
‎بزوتنەوەى گۆڕان، وەک یەکێک لە ھێزە پێکهێنەرەکانى کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕوای تەواوی بە بیناکردنی حوکمڕانی باشە کە رەوایەتی سیاسیی لە خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت؛ ئەم تایپە لە حوکمڕانی پێویستی بە چالاککردنی کەناڵەکانی پەیوەندی و زانیاریدان بە رۆژنامەنوسان ھەیە، چونکە بێ بونى زانیارى ڕاست و دروست، بێ میدیایەکى ڕاستگۆ و پیشەییانە بیرکردنەوە و هەنگاونان بۆ ریفۆرم ئەرکێکى دژوار و مەحاڵە. هەربۆیە بە ئەرکى حکومەت و دام و دەزگاکانى دەزانین کە کاربکەن بۆ جێبەجێکردنى یاساى کارى ڕۆژنامەگەرى و مافی بەدەستهێنانى زانیارى.
‎لەکۆتایدا، یادی پیرۆزی رۆژنامەگەری کوردی دەکەینە دەرفەتێک بۆئەوەی داوا لە دەسەڵاتی دادوەری و دادگای پێداچونەوە بکەین بڕیارێکی یاسایی و دادپەروەرانە لە کەیسی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینان بدات.

ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان
٢٢ی نیسانی ٢٠٢


هەواڵی زیاتر