وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان: ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی پایەیەکی دیموکراسیە کە قابیلی زەوتکردن نییە

07/05/2021

ڕاگەیەندراوی فەرمی

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان، تایبەت بە بڕیاری پەسەندكردنی دادگای پێداچوونەوە بۆ پێنج دەستگیرکراوەکەی بادینان و حوکمدانیان بە شەش ساڵ، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت: نابێت یاسا ببێتە ئامرازی سەرکوتی ئازادییە سیاسی و شارستانیەکان.

دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیامەکەدا دەڵێت: جەخت لە گرنگی خواستی بەڕێز رێکخەری گشتی لە کۆبونەوەی لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی ھەرێم بۆ بەکارهێنانی دەسەڵاتی قانونی و چڕکردنەوەی ھەوڵەکانیان بە ئاراستەی رێزگرتن لە مافی ئازادی رادەربڕین و دەستەبەرکردنی عەدالەت لە کەیسی رۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینان دەکەینەوە.

دەقی پەیامەکە...

‎بڕیاری پەسەندكردنی دادگای پێداچوونەوە بۆ پێنج دەستگیرکراوەکەی بادینان و حوکمدانیان بە شەش ساڵ زیندانی پێشینەیەکی مەترسیدارە

‎بزوتنەوەی گۆڕان، وەک پێشتر  ھەڵوێستی فەرمی، لەرێی پشتیوانی فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان و ژوری  قانونی روون و رەوان بووە، بە ئامانجی پارێزگاری لە ناو و پێگەی ھەرێمی کوردستان و متمانەی ھاوڵاتیان بە دادگاکان. نابێت یاسا ببێتە ئامرازی سەرکوتی ئازادییە سیاسی و شارستانیەکان. روئیای نەگۆڕی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە:-

یەکەم: ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی پایەیەکی دیموکراسیە کە قابیلی زەوتکردن نییە.
دووەم: بەڵگەکانی ئەم کەیسە و گیراوەکانی دیکە نەسەلمێنراون و لاوازن.
سێیەم: دیپلۆماتکاران کارێکی سەرەکیان دیدارە لەگەڵ رۆژنامەنووس و چالاکوانانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی. تێوەگلاندیان لەم کەیسە نیشانەی نەبوونی بەڵگە و پێشینیەکی مەترسیدارە بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان.
چوارەم: بەهۆی ئەم کەیسە هەموو نوێنەرایەتیەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و دەوڵەتانی دیکە رووبەڕووی گۆشەگیری ئەبنەوە.

‎بۆ رێگری لە زیانی گەورە لە هەرێمی کوردستان بە فەرمی جەخت لە گرنگی خواستی بەڕێز رێکخەری گشتی لە کۆبونەوەی لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی ھەرێم بۆ بەکارهێنانی دەسەڵاتی قانونی و چڕکردنەوەی ھەوڵەکانیان بە ئاراستەی رێزگرتن لە مافی ئازادی رادەربڕین و دەستەبەرکردنی عەدالەت لە کەیسی رۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینان دەکەینەوە.

دلێر عەبدولخالق
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان
٦ی ئایاری ٢٠٢١


هەواڵی زیاتر