عومەر سەید عەلی: گۆڕان هەڵەی ستراتیژی نەکردوە و تەنازولی بۆ هیچ لایەک نەکردوە
26/09/2018
دیمانە
عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەوەدەكاتەوە بزوتنەوەی
گۆڕان هەڵەی ستراتیژی نەكردوە و تەنازولی لەبنەما سەرەكیەكانی خۆی نەكردوە
نە بۆ پارتی و نە بۆ یەكێتیش. ئەوەش دوپاتدەكاتەوە دوای هەڵبژاردنی
پەرلەمان گۆڕان خۆی رێكدەخاتەوە و هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی دەستپێدەكات.
لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتی كەناڵی (KNN) لەگەڵ عومەر سەید عەلی، رێكخەری
گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، ئاماژە بەوەدەكات بزوتنەوەی گۆڕان لەواقعێكدا
كاردەكات و خەبات دەكات كەواقیعێكی تاڵە و دو حیزب هەمو جومگەكانی ژیانیان
بەدەستەوەیە، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان تەنازولی لەبنەما سەرەكیەكانی خۆی
نەكردوە و بەرژەوەندی خۆی نەخوێندۆتەوە جگە لەبەرژەوەندی میللەتەكەی خۆی،
گۆڕان تەسلیمی پارتی و یەكێتی نەبوە و هیچ تەنازولی نەكردوە و هەڵەی
ستراتیژی نەكردوە.
رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، لە سیاسەتدا هەیە دەكەوێتە
دوای بەرژەوەندی خۆی و لەسەر مەبدەئو بیر و باوەڕەكانی نامێنێتەوە، ئێمە
لەسەر باوەڕە سیاسیەكانی خۆمان ماوینەتەوە.
رێكخەری گشتی گۆڕانیش جەخت لەوە دەكاتەوە دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان،
بزوتنەوەی گۆڕان خۆی رێكدەخاتەوە و هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی دەستپێدەكات.