وێنە؛ کۆبونەوەى لیژنەى باڵاى هاوپەیمانى کوردستان بەڕیوەچو

31/07/2021

ڕاگەیەندراوی فەرمی


دوەم کۆبوەنەوەى لیژنەى باڵاى هاوپەیمانى کوردستان بەڕێوەچو، کارەکانى لیژنەکانى نێوان هەردولا کاراکران و جەخت لەوە کرایەوە کە گۆڕان و یەکێتى پێکەوە بە بەهێزى بەرگرى لە مافە رەواکانى خەڵکى کوردستان بکەن.

ئەمڕۆ شەممە (31/7/2021) دوەم کۆبوەنەوەى لیژنەى باڵاى هاوپەیمانى کوردستان بە سەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى، لە مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕان لە سلێمانى بەڕێوەچو، کۆبونەوە جەختى کردەوە لەسەر کارەکاردنى لیژنەکان و کارى پێکەوەیى بۆ سەرخستنى هاوپەیمانى کوردستان لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق.

دواى کۆبونەوەکە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى هاوبەشدا، د. دەرباز محەمەد ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان و رێپێدراوى گشتى هاوپەیمانى کوردستان بە رۆژنامەنوسانى راگەیاند: لاى هەموان ئاشکرایە کە هاوپەیمانى کوردستان لەنێوان یەکێتى نیشتیمانى و بزوتنەوەى گۆڕان پێکهێنراوە بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردنى داهاتوى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، یەکەمجارە هاوپەیمانێتیەکى لەو شێوەیە لەنێوان ئەم دو پارتە سیاسیە پێکدەهێنرێت، ئەم کۆبونەوانەش کۆبونەوەى ئاسایین و بەشێکن لە رایى کردنى کاروبارى هاوپەیمانێتیەکەمان.

وتیشى:"بنەماى سەرەکى هاوپەیمانێتیەکە ئارامى و گەڕانەوەى ئومێدە بۆ پرۆسەى سیاسى کە لەماوەى رابردودا لەو پەیوەندیەى لەگەڵ بەغدا هەبوە، ئێمە وتومانە کورد دەبێت پێکەوە بێت بۆئەوەى بەهێز بێت، ئەم هاوپەیمانیتیەش نیەتێکى باشە بۆئەوەى بتوانین وتارێکى یەکگرتوى کوردستانییى ئامادەبکەین".

لاى خۆیەوە، قوباد تاڵەبانى سەرۆکى هاوپەیمانى کوردستان، رایگەیاند: لە کۆبونەوەکەدا سوپاسى خۆم گەیاندە هەمو لایەک بۆ ئەو ئەرکەى بە منیان سپاردوە، باسى میکانیزمى چۆنیەتى کارکردنى هاوپەیمانیتیەکەمان کرد و ئەرکەکانمان دابەشکرد بەسەر لیژنە هاوبەشەکاندا، هەمو هێز و رێکخستن و جەماوەرى خۆمان دەخەینەگەڕ لەپێناو سەرخستنى هاوپەیمانێتیەکەمان تا باشترین خزمەت بکەین.

وتیشى: ئاماژەمان بەوە داوە دەمانەوێت ئارامى و سەقامگیرى بگەڕێنینەوە و پێکەوە بە بەهێزى لەژێر یەک چەتردا بەرگرى لە مافە رەواکانى خەڵکى کوردستان بکەین.


هەواڵی زیاتر